رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی ئەو پارەیەی لە بازاڕی دۆلارەکە بردراوە بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا هیچ کەس سکاڵای تۆمار نەکردووە، بەڵام " ئەو کەسە دۆزراوەتەوە کە پارەی هاووڵاتییانی بردووە".
رۆژی یەکشەممە، 02-07-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، وەکو پۆلیس زانیارییان لەسەر بابەتەکە کۆکردووەتەوە و ''لەگەڵ خەڵکیش قسە کراوە، بەڵام تا ئەو کاتەی خەڵک سکاڵا نەکات، ئێمە ناتوانین هیچ سکاڵایەک بجووڵێنین.''
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بازرگانێک 100 ملیۆن دۆلاری لە بازرگانانی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بردووە. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش بە رووداوی گوت، تەنیا 10 ملیۆن دۆلاری ئەو بازاڕەی تێدایە.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە بردنی پارەکە لە هاووڵاتییان روویدابێت، بەڵام بێ ئەوەی سکاڵا تۆمار بکرێت و تیمەکانی بەڵگەی تاوان ''کەشفی ماڵ'' بکەن، پۆلیس ناتوانێت هیچ لێدوانێک لەسەر بابەتەکە بدات.
وەک گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، ئەو کەسەی پارەی لە خەڵک وەرگرتووە بۆ ئەوەی کاری پێ بکات، دۆزراوەتەوە و ناوەکەی پارێزراوە و گوتی، ''ئێستاش ئەو کەسە دەڵێت من ناتوانم لەم کاتەدا پارەکە بگەڕێنمەوە و نکۆڵیش لەوە ناکات پارەی وەرگرتووە، بەڵام دەڵێت ئێستا لە دەستمدا نییە''.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، نازانرێت بڕی پارەکە چەندە، ئەویش بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک سەبارەت بە بابەتەکە تۆمارنەکراوە.
لە دۆسیەیەکی دیکەدا، نزیکەی ملیۆنێک دۆلاری خەڵک لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بردراوە کە بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، ''لەسەر ئەو بابەتەش سێ کەس دەستگیرکراون؛ ئەو کەسانە دانیان بەوەدا ناوە کە نزیکەی 700 هەزار دۆلاری خەڵكیان خواردووە".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی هۆکاری دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوانە بۆ متمانە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، ئەو کەسەی کە پارە وەردەگرێت، بۆ جاری یەکەم سوودێکی باش بە خاوەن پارەکە دەدات، بەڵام دوای چەند جار ئەوەی خۆشیان ناداتەوە؛ نەبوونی بانکیش بۆ ئەوەی خەڵک پارەکەی لەوێ دابنێت و سوود وەربگرێت، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی رووکردنی خەڵک بە ئەم جۆرە کەسانە دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ