رووداو دیجیتاڵ
لە پاریس ناوەندێکی تایبەت بە فێنککردنەوەی خەڵک هەیە، هەرکەسێک کە دۆخی خراپ بێ، دەتوانێ پەیوەندی پێوە بکات. ئەوەش لەکاتێکدایە، فەرەنسا گەرمترین رۆژەکانی بەڕێدەکات.
ئاگنێس پانیێ، وەزیری ژینگەی فەرەنسا باس لەوە دەکات، "زیاتر لە 300 کەس لەلایەن تیمەکانەوە چارەسەری فریاگوزارییان بۆ کراوە و دووانیش بەهۆی ئەو نەخۆشییانەی پەیوەستن بە گەرماوە گیانیان لەدەستداوە. ئەرکی گرینگی بەخۆدانی خود و ئاگالێبوونی کەسانی دیکە، گرنگییەکی زۆری هەیە."
لەنێوەڕاستی مانگی رابردووەوە، شەپۆلێکی گەرما ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپای گرتووەتەوە و گەرمترین شوێنیش پۆرتوگال بوو کە رۆژی سێشەممە پلەی گەرما 46.6ـی تێپەڕاند.
فەرەنسا زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانەی داخستووە و 80 ناوچەشی خستووەتە نێو بازنەی سوور.
لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا حکومەت داوای لە خەڵک کردووە لە نێوان کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 5:00ـی ئێوارە لە ماڵە نەچنە دەرەوە.
لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا و یۆنانیش حکومەتەکان داوایان لە خەڵک کردووە تەنیا بۆ کاری پێویست رۆژانە بچنە دەرەوە و خۆیان لە گەرما بپارێزن.
کلێر نولیس، گوتەبێژی رێکخراوی کەشناسیی جیهانی (WMO) لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە دەڵێت، "هەموو کەسێک لە مەترسیدایە؛ ئەگەر لە نیوەڕۆدا بەبێ ئاو بچیتە دەرەوە بۆ وەرزشکردن یان پاسکیلسواری، ئەگەری زۆرە تووشی کێشەی تەندروستی ببیت یان تەنانەت گیانیش لەدەست بدەیت."
پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە شەپۆلی گەرماکە بەردەوام بێت، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی، جیهان دەبێت لە چاوەڕوانی شەپۆلی زیاتری گەرما بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ