رووداو دیجیتاڵ
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خۆڵبارین لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت، بەڵام چڕییەکەی لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاواز دەبێ و شەپۆلەکە لە خوارووی عێراق چڕتر دەبێت."
لەبارەی کاریگەریی شەپۆلەکە لە هەرێمی کوردستان، عامر جابری گوتی: "پێشبینی خۆڵبارینی زۆر چڕ ناکرێت، بەڵام خێرایی با کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت، کاریگەری لەسەر ئاستی چڕییەکەی دەبێت."
هاوکات د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "هێشتا کاریگەریی نزمەپەستان ماوە و هەربۆیە ئەگەری هاتنی تۆز هەیە، چونکە ئاراستەی با هێشتا لە رۆژئاواوە بۆ رۆژهەڵاتە، واتە لە سووریاوە دێ و هەر کاتێکیش با لە سووریاوە بێ، تەپوتۆز دەبێ".
بە گوتەی د. لوقمان: "ئەمڕۆ ئەگەری تۆزی سووک هەیە، بەڵام بۆ رۆژانی پێنجشەممە تاوەکو شەممە ئەگەر هەیە بایەکە بەهێزتر بێ و بەو جۆرەش تۆزەکە زیاتر بێ."
ئەو شارەزایە پێشبینی دەکات، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە ئاراستەی با بگۆڕدرێ و چەند رۆژێک بای خۆرهەڵات لە ئێرانەوە چالاک بێ، ئەوەش دەبێتەهۆی دروستبوونی نزمەپەستانی دەریای قەزوین کە ئەگەر هەیە چەند رۆژێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان نمەباران ببارێ و هەندێک نمەبارانیش بگاتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو".
لوقمان موفتی گوتی: "دەستپێکردنی بای رۆژهەڵات رێگری لە هاتنی تۆز دەکات و هەربۆیە بۆ چەند رۆژێک کەشوهەوا لە تۆز پاک دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە لە نێوەڕاستی مانگ جارێکی دیکە نزمە پەستان بگاتەوە تورکیا و تۆزمان بۆ بێتەوە."
سەبارەت بە پلەی گەرما، ئەو شارەزایە گوتی: "ئەم چەند رۆژە لە زۆربەی شارەکان ژێر چل پلەی سیلیزی دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ