رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 رایدەگەیێنێت، لەگەڵ پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک قسەی کردووە و ئیدارەی کەرکووک پابەندی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای مادەی 140 دەبێت. عامری دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی جووتیارانی کورد و تورکمانی مانگرتوو و دەڵێت، "ئامادەم لەگەڵتان مانبگرم".
رۆژی چوارشەممە 02-08-2023 هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و رێکخراوی بەدر و سەرۆکی لیژنەی باڵای مادەی 140ی دەستوور سەردانی کەرکووکی کرد، لەگەڵ راکان جبووری پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک و جووتیارانی کورد و تورکمانی مانگرتوو کۆبووەوە.
هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو لە کەرکووک پرسیاری لە هادی عامری کرد لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ کەرکووک، عامری لە وەڵامدا بە تەنزەوە گوتی، "ئایا حەرامە سەردانی کەرکووک بکەین؟" پاشان درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی، یەکەم: "هاتووین بۆ ئەوەی ئاگاداری دۆخی کەرکووک بین، بەتایبەتی برایانی خاوەن زەوییەکان کێشەی راستەقینەیان هەیە، گردبوونەتەوە و مانیان گرتووە."
عامری باسی لەوەشکرد کە قسەی لەگەڵ پارێزگار کردووە و "قسەکان پەنابەخوا باشبوون و دەگەینە ئەنجام."
لەبارەی خاڵی دووەم لە ئامانجی سەردانەکەی، هادی عامری رایگەیاند، "بانگهێشتکراوین لەلایەن شێخ حەواز کە شێخ و کەسایەتییەکی ناوچەکەیە، داوا لە خوا دەکەین سەرکەوتوومان بکات و دەچینە ئەوێش، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە هاتووینەتە کەرکووک کە جێبەجێکردنی بانگهێشتەکە و ئاگاداربوونە لە کێشەی جووتیاران."
سەبارەت بەو پرسیارەی کە ماوەیەک لەمەوبەر لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 ژمارەیەک بڕیاری دەرکردووە و تائێستا ئیدارەی کەرکووک پێوەپابەند نەبوو، هادی عامری گوتی، "پێوەی پابەنددەبن، پشتیوان بەخوا جێبەجێ دەکرێت، هیچ کەسێک نییە پێوەی پابەند نەبێت."
پێشتر هادی عامری بە نووسراوێک سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاگادار کردبووەوە کە بە هیچ شێوەیەک کار بە بڕیارەکانی رژێمی پێشوو نەکرێت و گرێبەستی زەوییەکان بۆ عەرەبی هاوردە نوێ نەکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارەی لە ئیدارەی خۆجێیی پارێزگا کاری پێ ناکرێت.
لەو سەردانەدا هادی عامری لە هۆڵی ئیمام خومەینی لە کەرکووک سەبارەت بە کێشەی زەویوزارەکانیان، لەگەڵ جووتیارانی مانگرتووی کورد و تورکمان کۆبووەوە و باسی ئەوەی کرد، بەبێ سەقامگیریی سیاسی، سەقامگیری ئەمنی لە کەرکووک بەدی نایێت، گەر ئەو پارێزگایە پێشبکەوێت و هەلی کار بڕەخسێت دەبێت سەقامگیریی ئەمنی بەدی بێت.
عامری گوتی، "ناکرێت خەڵک ستەمی لێکرابێت و لە گوتنی حەقیش بێدەنگ بکرێت، بۆیە لەگەڵ داواکاریی برا جووتیارەکانم، پێویست حەق بەدی بێت، بە دیهێنانی حەقیش مانای ستەمکردن نییە لە ئەوانی دیکە."
عامری بە جووتیارنی گوت، "لەگەڵتانم، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور و گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکان... هاوسۆزم لەگەڵتان، زۆر بە راشکاوانە دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگتان و ئامادەم لەگەڵتان مانبگرم و پەنابەخوا چارەسەر دەبێت."
ئەگەر ستەم لە هەر پێکهاتەیەکی کەرکووک بکرێت، بە گوتەی عامری، "ئەوا سەقامگیریی سیاسی لە کەرکووک بەدینایێت." گوتیشی، ئەوانەی خەڵکی کەرکووک و گرێبەستیان هەیە پێش بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش کێشە نییە، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەی پارێزگای کەرکووک هاتوون و گرێبەستیان هەیە، پێویستە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان لەوێ هەوڵدەدەن گرێبەستی زەویی کشتوکاڵیان بۆ بکرێت لە دیوانیە، بەسرە، ناسرییە، بەغدا، موسڵ، سەلاحەدین و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
عامری جەختی لەوەکردەوە، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش پووچ و ستەمکارانە بوون، لەگەڵ پارێزگای بە وەکالەتی کەرکووک قسەی کردووە لەبارەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور لە نزیک ترین کاتدا دەست بەکار دەکەن بۆ ئەوە زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکان بگەڕێنەوە.
سەبارەت بە ئەوانەشی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش دەیانگرێتەوە، دەبێت گوشار لە پەرلەمانی عێراق بکرێت تاوەکو پڕۆژەیاسای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش پەسند بکات کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندکراون و رەوانەی پەرلەمان کراوە.
جووتیارانی کەرکووک بەهۆی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش و لیژنەی کاروباری باکووری سەردەمی حکومەتی پێشووی عێراق، زەوییەکانیان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە داگیرکراوە و سەرباری بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140، ئێستاش بەشێک لە سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە بڕیارە کۆنەکە، رێگە نادەن ئەو جووتیارانە زەوییەکانیان بکێڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ