رووداو دیجیتاڵ
دژی بڕیاری گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بۆ حیزبەکە، حەوت رۆژە بەشێکی عەرەبەکانی کەرکووک کە زۆرینەیان ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبین، چادری ناڕەزاییان هەڵداوە و رێگەی کەرکووک – هەولێریان داخستووە.
پڕۆژەی عەرەبی لە کەرکووک دەڵێن، پارتی شوێنی دیکەیان پێبدرێت و بگەڕێنەوە کەرکووک. فراکسیۆنی تورکمانیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دادگە دۆسیەکە یەکلابکاتەوە. پارتیش دەڵێت، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ وەگرتنەوەی بارەگاکانیان هەیە و رێگری لە جێبەجێکردنی دەکرێت.
ناڕەزاییەکانی کەرکووک فراوانبوون و مەترسی دروستبوونی ئاڵۆزی هەیە
ناڕەزایی عەرەبەکانی کەرکووک دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی بەردەوامە و رۆژ دوای رۆژ فراوانتر دەبێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەبەرامبەردا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 17:00، هاونیشتمانیانیش لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک گردبوونەوەی ناڕەزایی بکەن و داوای کردنەوەی رێگەی هەولێر – کەرکووک بکەن، ئەوەش نیگەرانیی بەشێکی لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتووەتەوە و ترس لە پەرەسەندنی ناڕەزاییەکان و ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە هەیە، بەتایبەت لەنێوان عەرەب و کورد دا.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە شوێنی ناڕەزاییەکانەوە گوتی، لایەنە تورکمانی و عەرەبییەکانی کەرکووک دەترسن لەوەی ناڕەزاییەکان فراوانتر بێت و ئاڵۆزی زیاتری لێبکەوێتەوە، بەتایبەت کە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ هاونیشتمانیانیش ناڕەزایی دەرببڕن.
ناڕەزاییەکان دوای ئەوەدێت، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە گەڕانەوەی سەرجەم ئەو بارەگا و خانووانەی پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستانی تێدابوون و دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئەوانی تێدا نەماوەن.
ئەوانەی دژی بڕیارەکەی سوودانین، بەشێکی عەرەبن کە زۆرینەی ئەو بەشە لایەنگران و ئەندامانی حەشدی شەعبین. 29ـی مانگی رابردوو، سەجاد مەهدی، کەسی یەکەمی عەسائیبی ئەهلی حەق لە کەرکووک بە پەیامنێری رووداوی گوت، "رێگەکان ناکرێنەوە و داخستنیان لە ئەنجامی تووڕەیی ئێمە بووە و دەمانەوێت بەو شێوەیە دەنگمان بگەیێنین بە حکومەتی عێراق".
چادرەکان بوون بە شوێنێکیش بۆ بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان؛ پەیامنێری رووداو دەڵێت، جیا لەوەی لایەنی عەرەبی هەیە بە فەرمی بەشداریی لە ناڕەزاییەکان کردووە، رۆژانە بەشێکی بەربژێرەکان دەچنە نێو خۆپیشاندەران و پشتیوانی خۆیانیان بۆ رادەگەیێنن و گوتاری جیا دەدەن.
ئەمڕۆ لەکاتێکدا ناڕەزاییەکان دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی فراوانتربوو، لیژنەیەک لە بەغداوە چووەتە کەرکووک بۆ ئەوەی بارەگاکانی پارتی رادەست بکەنەوە، لایەنە عێراقییەکان ئەمەیان بڵاوکردووەتەوە و خەڵكێکی زیاتریان راکێشاوەتە نێو ناڕەزاییەکانەوە، بەجۆرێکە جگە لە عەرەبی دانیشتووی کەرکووک، خەڵکی حەویجە و ناوچەکانی دیکەی سنوورەکەش لە ناڕەزاییەکەدا بەشدارییان پێکراوە.
پارتی لە کەرکووک: هیچ بارەگایەکمان رادەستنەکراوەتەوە
بەهۆی هەستیاریی دۆخەکەوە، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک نایانەوێت لەبارەیەوە بدوێن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەریگرتوون، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بارەگایەک رادەستی حیزبەکە نەکراوەتەوە.
پارتی دەڵێت:" لە کەرکووک چەندین بارەگا، خانوو و ماڵیان داگیرکراون و وێڕای هەبوونی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گەڕانەوەی بۆیان، تاوەکو ئەمڕۆ بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە و هیچ شوێنێکیان بۆ نەگێڕدراوەتەوە."
سوپاسالای عێراق سەردانی کەرکووکی کرد
ئەمڕۆ شەممە، 2ی ئەیلوولی 2023، فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق بە یاوەری یاریدەدەری سوپاسالار بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی هێزی وشکانی گەیشتە بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک. ئامانجی سەردانی شاندەکە ئاگاداربوون بوو لە دۆخی ئەمنی و بڵاوبوونەوەی هێزەکان لە کەرکووک.
پڕۆژەی عەرەبی لە کەرکووک: پارتی بگەڕێنەوە و شوێنی دیکەیان پێبدرێت
خالید مەفرەجی، نوێنەری پرۆژەی عەرەبی لە کەرکووک ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "دەکرێت ئەم قەیرانە چارەسەر بکرێت، بەڵام پێویست بە موزایەدەی سیاسیی ناکات کە هەندێک کەس و لایەن هەن لە هەوڵی ئەوەدان بە وروژاندنی ئەم بابەتە دەنگ بۆخۆیان کۆبکەنەوە و گرژی دروست بکەن و بیانەوێت دژایەتی سیاسیی بکەن. ئەم جۆرە رەفتارانە، قەیرانەکە قوڵتر و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. ئێمە لەسەرەتاوە سەرجەم پەیوەندییەکانمان خستەگەڕ هەر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەوە تا دەگاتە لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی چارەسەری بەپەلە و یەکلاکەرەوەی دۆخەکە بکەین و هەوڵەکەشمان سەریانگرت. ئێستا دەرفەت بۆ سەرۆکوەزیران کراوەیە دەستوەردان بکات و رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە هەموولایەک پێی رازی بن".
نوێنەری پرۆژەی عەرەبی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، چەند بژاردەیەک پێشنیاز دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ناڕەزاییەکان و گوتی، "بژاردەی زۆر هەن؛ یەکێکیان دەستبردنە بۆ دادگە، دادگەی عێراق بە ئەستۆپاکی و بوێری لە بڕیاردانییەوە ناسراوە. هەر لایەنێک مەبەستی چارەسەرکردنی هەبێت، لە بری بەریەککەوتن و نانەوەی گرژی، با بەڵگەکانی خۆی پێشکێشی دادگە بکات و دادگە خۆی بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات. بژاردەی دووەمیش پێدانی شوێنی دیکەیە بۆ ئەوەی پارتی بیکاتە بارەگای سەرەکیی خۆی. ئێمە لایەنگری گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانین بۆ کەرکووک، مافی خۆیانە بگەڕێنەوە و بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی بکەن، بەڵام دەمانەوێت گەڕانەوەیان بەشێوەی ئاشتیخوازانە و یاسایی بێت دوور لە بەریەککەوتن و کێشە، چونکە کەرکووک دۆخی تایبەتی خۆی هەیە".
ئەرشەد ساڵحی: دوای هەڵبژاردنەکان دادگە پرسەکە یەکلا بکاتەوە
هەر لەسەر ئەو پرسە، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هەر بڕیارێک پەیوەندیی بە پارێزگای کەرکووکەوە هەبێت، بەبێ وەرگرتنی راوبۆچوونی نوێنەرانی پێکهاتەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری ئەمنی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی.
سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "باشترین رێگەچارەی ئەم پرسە، یەکلاییکردنەوەیەتی لە رێگەی دادگەوە، ئەویش دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکان. هەر رێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و هەولێر کرابێت بەبێ گوێدانە بەر راوبۆچوونی پێکهاتەکان و بەرژەوەندی خەڵکی کەرکووک، ناچارمان دەکات لە رێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە داوای پاڵپشتی نێودەوڵەتیی و هەرێمی بکەین. تەنانەت ئەگەر دۆخەکە بخوازێت داواکانمان ئاراستەی وڵاتانی دراوسێش دەکەین بۆ ئەوەی نێوەندگیری بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکاندا".
لە 27ی ئابی 2023ـەوە لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک خۆپێشاندانە و نایانەوێت ئەو شوێنانە رادەستی پارتی بکرێتەوە، کە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر ئەو حیزبەی تێدابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ