رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنەکە بایکۆتیان کردووە، هەموو ئیمتیازاتەکانی ئەندامیێتی وەردەگرن و ئەگەر بایکۆت نەشکێنن، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا رێکاری یاسایی و کارگێڕییان بەرامبەر دەگرێتەبەر.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی: "6 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەردەوامن لە بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاش ناچارە رێکاری کارگێڕیی بگرێتەبەر."
"یەکێک لە رێکارەکان، بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەن "دەکرێت ئەوەبێت داوا لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکرێت بەپێی ریزبەندی دەنگی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە لیستەکانیان ناوی جێگرەوەی ئەم ئەندامانەی ئێستا بنێرێت کە بەشداریی دانیشتنەکان ناکەن و لەبری ئەوان ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک".
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا و ئەنجوومەنەکە لە 16 ئەندام پێکهاتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دوو ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و 3 ئەندامی عەرەب و 1 ئەندامی تورکمان، وەک هەڵوێستێک لە دژی شێوازی پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکە و شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان، بایکۆتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردووە و نەچوونەتە کۆبوونەوەکان.
"گەندەڵی لە زیادەڕۆیی"
بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی زیاتر لە 5 مانگ بوو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆنەبووەوە، رۆژی دووشەممە 1-9-2025 ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کاراکردنەوەی کارەکانی لیژنەی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتیی و گۆڕینی پێکهاتەی لیژنەکە کرا.
عەبدوڵڵا میروەیس گوتی: "زیادەڕۆیی لە کەرکووک بووەتە دیاردە و زۆر بەربڵاوە. کێشەیەکی زۆر گەورەی بۆ ماستەرپلان و خزمەتگوزارییەکانی شارەکە دروستکردووە، بۆیە پێویستە بە رێکارێکی ورد چارەسەی ئەو گرفتە بکرێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی: "پێشتر جیاوازیی کراوە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زیادەڕۆییانە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ هەندێک کەس زۆر تووند بوون و چاوپۆشیشیان لە هەندێک کەس کردووە کە زیادەڕۆییان کردووەتە سەر موڵکی گشتیی بەتایبەت لە سەردەمی راکان جبووری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، کە سەرجەم دامەزراوەکان پەکخرابوون و بۆ ماوەی 7 ساڵ دەسەڵاتی رەهای هەبوو بەسەر ئیدارەی کەرکووکدا."
عەبدوڵڵا میروەیس باسی لە یەکێکی دیکە لە مژارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەیەکەیان کرد، کە پرسی دامەزراندنی زیاتر لە 7 هەزار کەسە لەسەر راژەی حکومەتی فیدراڵی لە کەرکووک و گوتی: "دامەزراندنەکە بەپێی خاڵبەندیی دەبێت و شێوازی پڕکردنەوەی داواکاریش ئەلیکترۆنی دەبێت، تاوەکو هەموو کەسێک کە خۆی بە شیاوی دامەزراندن بزانێت بەپێی ئەو مەرج و رێکارانەی هەن داواکاریی پێشکێش بکات و دواتر بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی داواکارییەکان پۆلێن دەکرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ