رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی سنووری پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "لە چوارچێوەی پرۆگرامی راهێنانی کۆلێژی سێیەمی سەربازیی قەڵاچوالان لە سلێمانی بۆ خوێندکارانی خولی 89، تەقەمەنییەک تەقییەوە کە بووەهۆی برینداربوونی 4 قوتابی کۆلێژەکە."
وەزارەتی بەرگری دەڵێت، "دەستبەجێ بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست. سێ کەسیان دوای پێشکێشکردنی فریاگوزاریی تەندروستی دۆخیان باش بوو، بەڵام چوارەمیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو و تەرمەکەی بە فڕۆکە بۆ بەغدا دەگەڕێندرێتەوە."
لە راگەیێندراوەکە هاتووە، "وەزارەتی بەرگری لێکۆڵینەوەی بەپەلەی بۆ زانینی هۆکار و وردەکارییەکانی دەستپێکردووە؛ هەروەها رێکاری پێویست بۆ دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوە لە داهاتوودا و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمان دەگیرێتەبەر."
ئەمڕۆ لیوا ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی تەقیوەتەوە گولـلە ئاڕ پی جی بووە."
گوتەبێژی یەکەی 70 گوتی، "خوێندکارەکان لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان دەخوێنن، بەڵام تەقینەوەکە لە فەرماندەیی گشتی بووە، چونکە لەوێ مەشقیان کردووە."
لیوا ئەحمەد لەتیف ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شوێنەی تەقینەوەکە تێیدا روویداوە، بنکەی مەشقی هێزەکانی کۆماندۆیە لە فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگە لە شاری سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ