سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی سێنتکۆم جەخت لە پتەوکردنی کاری هاوبەش دەکەنەوە

02-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەدمیراڵ چارلز براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەدمیراڵ چارلز براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کۆبووەوە؛ لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان دەربارەی مەترسییەکانی داعش کرد و جەختیان لە پتەوکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان لەسەر ئەو پرسە کردەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، پێشوازیی لە ئەدمیراڵ چارلز براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) و شاندێکی باڵای یاوەری کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەک لە پلەدارانی سەربازی و راوێژکارانی ئەمریکی ئامادە بوون، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاسایش و سەربازیدا، تاوتوێ کران.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی مەترسییەکانی داعش و هەڕەشەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و سووریا کرد. هاوکات، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازی و ئەمنییەکان، تەوەرێکی گرنگی گفتوگۆکان بوو.
 
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و پشتگیریی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە تێکشکاندنی داعش و پێشکێشکردنی یارمەتی و مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە، و هاوکاریکردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیدا هاتووە، ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاوپەیمانی و هاریکاریی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا دووپات کردەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، ئەدمیراڵ کووپەر، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی داعش، پابەندبوونی ئەمریکای بۆ پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان وەکو هاوپەیمانێکی گرنگ دووپات کردەوە.
 
کووپەر ئاماژەی بەوە داوە، وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لەو پەیوەندییانە دەڕوانێت؛ جەختیشی لە پتەوکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەنێوبردنی یەکجارەکی داعش و هەڕەشە ئەمنییەکان کردووەتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ویندی گرین، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دۆخی سووریا، دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.