وەزارەتی دارایی روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی نالیا و چاڤی بڵاوکردەوە

02-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی کۆمپانیاکانی نالیا و چاڤی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، بابەتی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیاکان، "یاساییە" و لە پرۆسەی زیادکردنی ئاشکرا دەفرۆشرێن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێک کەناڵی راگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ بوونی زانیاریی دروست و بەڵگەی یاسایی، هەواڵی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە.

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مێژووی وەرگرتنی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2010 و 2011)، "کە ماوەی گەڕانەوەی قەرزەکە تەنها دوو ساڵ بووە، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە هەردوو کۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەکانی لەکاتی خۆی بگەڕێننەوە، لە ساڵی 2015وە ئەم دۆسیەیە لە دادگا كاری لەسەر دەكرێت، تاوەکو دواجار لە ساڵی 2021 دۆسیەکە لە بەرژەوەندیمان یەکلایی بووەوە و رێکاری یاسایی پێویست گیرایەبەر."

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە پێشتر دەستیان بەسەرداگیراوە، بەپێی وێنەی تۆمار بەناوی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن. لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەکان بەناوی ئەو دوو کۆمپانیایەوە وەرگیراون، بەپێی یاسا هەموو کۆمپانیایەک کەسایەتیی واتایی (معنوی)ی هەیە، هەربۆیە رێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەک تاکەکەس، گۆڕینی خاوەندارێتیی کۆمپانیاش کاریگەریی نابێت لەسەر کەسایەتیی واتایی کۆمپانیا و ئەو قەرز و پابەندییانەی لەئەستۆی ماوەتەوە."

وەزارەتی دارایی دەڵێت، "لە بەرامبەر وەرگرتنی قەرزەکانیان، کۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لە یاسا، بارمتەکانیان چەند جارێک گۆڕیبوو، دوایین جار چوار پارچە زەوییان وەکو بارمتەی قەرزەکە دانابوو، کە دوو جار یاساشکێنیی تێدا کرابوو."

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان:

پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و دوای تەواو کردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لەلایەن فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی و فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی دەستگیرا بەسەر موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی لەبەرامبەر قەرزەکانی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی ، بەڵام وەک تێبینی دەکرێت لە هەندێک کەناڵی ڕاگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ هەبوونی زانیاری دروست و بەڵگەی یاسایی هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە و تەفسیری جیاواز بۆ بابەتەکە دەکرێت ، بۆیە بەپێویستمان زانی لە ڕێگای ئەم ڕوونکردنەوەیە بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ڕای گشتی و میدیاکان بخەینەڕوو.

1- بابەتی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێکی یاساییە و پاش یەکلایی بوونەوەی داواکە لە دادگا لەبەرژەوەندی وەزارەتمان و تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە بەرامبەر کۆمپانیای نالیا و چاڤی ، وە دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداری فرۆشتن لە وادەی دیاریکراودا لە ڕۆژنامە، فرۆشتنی سەرجەم موڵکە دەست بەسەرداگیراوەکان لە پڕۆسەی زیادکردنی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.

2- ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەپێی وێنەی تۆمار بەناوی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن وە لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەکان بەناوی ئەو دوو کۆمپانیایەوە وەرگیراون ، بەپێی یاسا هەموو کۆمپانیایەک کەسایەتی واتایی (معنوی) هەیە ، هەر بۆیە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەک تاکەکەس، وە گۆڕینی خاوەندارێتی کۆمپانیا کاریگەری نابێت لەسەر کەسایەتی واتایی کۆمپانیا و ئەو قەرز و پابەندییانەی لە ئەستۆی ماوەتەوە.

3- مێژووی وەرگرتنی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2010، 2011) کە ماوەی گەڕانەوەی قەرزەکە تەنها دوو ساڵ بووە ، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە هەردوو کۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەکانی لەکاتی خۆی بگەڕێننەوە ، لەساڵی 2015وە ئەم دۆسیەیە لە دادگا كاری لەسەر دەكرێت تاوەکو دواجار لە ساڵی 2021 دۆسیەکە لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی یەکلایی بووەوە و ڕێکاری یاسایی پێویست گیرایەبەر.

4- لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرزەکانیان کۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لەیاسا بارمتەکانیان چەند جارێک گۆڕیبوو، دواین جار چوار پارچە زەویان وەک بارمتەی قەرزەکە دانابوو کە دوو جار یاسا شکێنی تیا کرا بوو ، یەکەم ئەو زەویانە لەبنەڕەتدا سەوزایی و خزمەتگوزاری و شەقام بوون لە ناو ئەو پرۆژەیەی قەرزەکەی بۆ وەرگیرابوو، کەئەوەش مافی خاوەندارێتی بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە لەڕووی یاساییەوە بەهیچ جۆرێک نافرۆشرێت و ناخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە، دووەم ئەو خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو زەویانە کرابوو چەند هێندەی نرخی بنەرەتی زەویەکان بوو ، دوای هەوڵدانێکی زۆرو کاری چڕو پڕ هەموو ئەو پێشێلکارییە یاساییانە ڕاست کرانەوەو دۆسیەکە لەلایەن دادگاوە پلەی کۆتایی وەرگرت و نیشانەی گلدانەوە لەسەر موڵکەکان دانراو داوا لەفەرمانگەی جێبەجێکردن کرا ڕێکاری پێویست بۆ فرۆشتنی موڵکەکان بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بگرێتە بەر، لەنێو سەدان موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی (60) موڵک دەستنیشان کران کە سەرجەمیان شایستەی فرۆشتنن بەپێی وێنەی تۆمار.

دووپاتی دەکەینەوە وەزارەتی دارایی پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و بەپێی بەڵگەنامە یاساییەکان کار لەسەر دۆسیەکان دەکات ، بۆیە بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا سەرجەم ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی قەرزاری بانکەکانی وەزارەتن و  لەکاتی خۆی پابەند نەبوون بەگەڕانەوەی قەرزەکان، سەرجەمیان ڕێکاری یاسایی و ئیداریان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەست بەسەر ئەو موڵکانە گیراوە کە کاتی خۆی وەک بارمتە لەبری وەرگرتنی قەرزەکە دایان ناوە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوشدا توانراوە بە بەهای زیاتر لە (110,000,000,000) سەدو دە ملیار دینار دەست بەسەر موڵکی خاوەن قەرزەکان بگیرێت و لەسەر وەزارەت تۆمار بکرێت، هەروەها بڕی زیاتر لە (25،000،000،000) بیست و پێنج ملیار دیناریش قەرز بەشێوەی کاش گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

وەزارەتی دارایی و ئابووری
2ی ئەیلوولی 2025

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە