لە رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتبارێکی ماددەی هۆشبەر لە شێخان 'دوو کارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستدا و تۆمەتبار کوژرا'

02-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شێخان تۆمەتبارێکی مادەی هۆشبەر رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەوە، لە ئەنجامدا و بە گوتەی قایمقامی شێخان، دوو کارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستداوە.

ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە شێخان تۆمەتبارێکی مادەی هۆشبەر رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەوە، جگە لە بریندار، کوژراویش لە رووداوەکەدا کەوتەوە.

پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 11:00ی شەو روویداوە، ئەوەش دوای ئەوەی تۆمەتبارێک چووەتە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان، ئاسایش بەشوێنیدا رۆیشتووە و ئەویش تەقەی لە هێزەکانی ئاسایش کردووە.

سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەکانی رووبەڕووبوونەوەکە؛ سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەکەدا "دوو کارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستداوە."

 
بە گوتەی قایمقامی شێخان، تۆمەتبارەکەش لە رووبەڕووبوونەوەکەدا کوژراوە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی سەردار شێخ یەحیا بە رووداوی گوت، لە رووداوەکەدا سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە برینی دووانیان سەختە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هێزەکانی ئاسایش ماوەیەک بوو چاودێریی ئەو بازرگانەی مادەی هۆشبەریان دەکرد.

پێشتر دڵشاد فوئاد، فەرمانبەر لە تاقیگەی نەخۆشخانەی شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "دوو تەرم هێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان و سێ برینداریش هەن."

ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو ئەوەی خستەڕوو، هێزەکانی ئاسایش دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و ئێستا دۆخەکە ئارامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە