دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی: لەبەر نەبوونی بودجە کارمان راگرتووە

02-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، لە ساڵى داهاتووەوە دەست دەکەنەوە بە ئامادەکاری بۆ خولی شەشەمى فێستیڤاڵەکە کە بەهۆى نەبوونى بودجەوە دواکەوتووە و دەشڵێت: "تەنیا ئێمە بۆمان هەیە بە ناوی خولی شەشەمەوە فێستیڤاڵ بکەین".
 
رۆژی پێنجشەممە، 02-11-2023، دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوەداوە کە  لە دوای پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی، لەبەر نەبوونی بودجە، نەیانتوانیوە درێژە بە خولەکانی داهاتووی فێستیڤاڵەکە بدەن و ئەگەرچى هەوڵیانداوە لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیریی عێراقەوە بودجە وەربگرن و درێژە بە کارەکانیان بدەن، بەڵام هەوڵەکەیان "بێئاکام" بووە.
 
دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاندووە کە لە ساڵى نوێوە دەست دەکەنەوە بە ئامادەکاری بۆ خولی شەشەمى فێستیڤاڵەکە.
 
پێنجەمین خولى فێستیڤاڵى فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی، 17ى کانوونى یەکەمى 2021 کرا کە تێیدا 143 فیلم لە 35 وڵاتەوە بەشدار بوون.
 
دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاماژەى بەوەشداوە کە "لە دادگە کێشەیەکیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا هەبوو کە پێشتر ئەرکی میوانداریی فێستیڤاڵی پێ سپێردرابوو، بەڵام دوای ئەوەی ئەو کۆمپانیایە لە وەزارەتەکانی دارایی و رۆشنبیری خرایە لیستی رەشەوە، هیچ کام لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمى کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا ناکەن، بۆیە ئەوانیش کارەکانیان لەگەڵیدا راگرتووە".
 
دەزگاکە دەڵێت: "ئەو کۆمپانیایە لە رێگەی دادگەوە داوای لۆگۆی فێستیڤاڵی کرد، بە بیانووی ئەوەی کە ژووری بازرگانیی سلێمانی ئەو لۆگۆیەیان حیجز کردووە! ئێمە هەمیشە پێمان وابووە ئەمە فێستیڤاڵێکی کولتوورییە و پێویستی بە ژووری بازرگانی نییە، بەڵام بەداخەوە لە بڕیاری یەکەمی دادگەدا وەڵامی ئێمە رەتکرایەوە و پێیان راگەیاندین کە دەبووایە لە ژووری بازرگانی لۆگۆکەمان حیجز بکردایە، کە ئێمە پێشتر لە وەزارەتی رۆشنبیری حیجزمان کردبوو و پێمان وابوو وەزارەتی رۆشنبیری تایبەتە بەم کارە، بۆیە لە سەرەنجامی ئەو تانەیەی داومانە لەو بڕیارەی دادگە سەبارەت بە خاوەندارێتیی ئەو لۆگۆیە، رامانگەیاند کە ئەگەر تانەکەمان رەتبکرێتەوە، ئەوە رێز لە بڕیاری دادگە دەگرین و تەنها لۆگۆکە دەبەخشینە ئەو کۆمپانیایە، بەڵام وەک خاوەندارێتیی فێستیڤاڵ، تەنیا دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەڵەتیی سلێمانی بۆی هەیە بە ناوی خولی شەشەمەوە فێستیڤاڵ بکات ئەگەرنا رووبەڕووى دادگەى دەکەنەوە".
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی  پەتاى کۆرۆنا، پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانى، لە ساڵى 2020 بۆ ساڵى 2021 دواخرا.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.