گەشتوگوزاری هەڵەبجە: فێستیڤاڵی هەنار بووەتە خاڵی وەرچەرخان لە گەشەی ئابووری و گەشتیاریدا

02-11-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، فێستیڤاڵی هەناری پارێزگاکە بووەتە بزوێنەرێکی گرنگی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بە گشتی. 
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە، پاش سێ مانگ لە ئامادەکاریی چڕوپڕ، جەخت لەسەر ئەو کاریگەرییە گەورانە دەکاتەوە فێستیڤاڵەکە لەسەر ژیانی خەڵک و بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی جێی هێشتووە.
 
"ریکۆردێکی مێژوویی لە راکێشانی گەشتیار"
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە راگەیێندراون، فێستیڤاڵی ئەم ساڵ "سەرکەوتنێکی بێوێنەی لە راکێشانی گەشتیار و سەردانیکەر بەدەستهێنا. نزیکەی 419,700 گەشتیار و سەردانیکەر لە سێ رۆژدا روویان لە هەڵەبجە کرد".
 
"ئەم سەرکەوتنە دەریخست فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە پێگەیەکی گرنگی لە نەخشەی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان و عێراقدا داگیر کردووە". ئەمە وەک گەشتوگوزاری هەڵەبجە باسی دەکات.
 
"داهاتی بێوێنە و بووژانەوەی ئابووری"
 
لەڕووی ئابوورییەوە، فێستیڤاڵەکە داهاتێکی بەرچاوی تۆمارکرد؛ کۆی گشتیی فرۆشی هەنار و بەرهەمە خۆماڵییەکان گەیشتە زیاتر لە 1.7 ملیار دینار.
 
گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات: "ئەم قەبارە بازرگانییە، بووژانەوەیەکی ئابووریی گەورەی بۆ جووتیاران، خاوەنکارە بچووکەکان و، سەرجەم ئەو کەسانەی لەم کایەیەدا کاریان دەکرد، فەراهەم کرد و وەک هاندەرێک مایەوە بۆ بەردەوامیدان بە بەرهەمهێنانی خۆماڵی".
 
یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی فێستیڤاڵ، وەکو گەشتوگوزار باسی کردووە، رەخساندنی هەلی کار بوو بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. زیاتر لە 700 جووتیار، پیشەوەر و، دەستڕەنگین لەڕێگەی 700 ستاند و کەپرەوە بەشدارییان کرد، کە ئەمەش هەلی کاری بۆ نزیکەی 2,100 کەس بەشێوەی راستەوخۆ و زیاتر لە 3,000 کەس بەشێوەی ناڕاستەوخۆ فەراهەم کرد. 

 

بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار ئەمەی بە "بەڵگەیەک لەسەر کاریگەریی فێستیڤاڵەکە لەسەر دروستکردنی دەرفەتی کار و پەرەپێدانی ئابووریی ناوچەکە" وەسف کرد.
 
فێستیڤاڵەکە سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە کەناڵەکانی راگەیاندن و میدیاکارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی راکێشا، کە ئەمەش ناوبانگی هەناری هەڵەبجە و کولتووری دەوڵەمەندی ناوچەکەی بە جیهاندا بڵاوکردەوە. لە لایەنی ئاسایشەوە، سەرەڕای ئەو قەرەباڵخییە زۆرە، فێستیڤاڵی ئەمساڵ بەبێ هیچ رووداوێکی نەخوازراو کۆتایی هات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پلانی ئەمنیی تۆکمە و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.