رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەکی گەڕەکی ئیسقەڵا لە سۆران دەڵێن، دوو ساڵە بڕیارە قوتابخانەیەک لە گەڕەکەکەیان دروست بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا کاری تێدانەکراوە. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران ئاماژە بەوە دەکات، زەوی تەرخانکراوی ئەو قوتابخانەیە لەلایەن خەڵکەوە زێدەڕۆیی کراوەتەسەر و چاوەڕێی لابردنی زێدەڕۆییەکانن بۆ ئەوەی دەست بە دروستکردنی بکرێ.
چەند هاونیشتمانییەکی گەڕەکی ئیسقەڵا لە سۆران دەڵێن، منداڵەکانیان لە قوتابخانەیەکی کەرەڤانەییدا دەخوێنن و داوا دەکەن حکومەت لە دروستکردن و تەواوکردنی قوتابخانەی گەڕەکەکەیان پەلەبکات.
هەکارا هیبۆ، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران لەو بارەیەوە بە رادیۆی رووداوی گوت: "گەڕەکی ئیسقەڵا لە سۆران قوتابخانەی نییە، ناچار قوتابخانەیەکمان لە کەرەڤانەدا بۆ کردوونەتەوە".
هەکارا هیبۆ گوتیشی، سەرۆکوەزیران دوای کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی بڕیاری دروستکردنی قوتابخانەیەکی بەناوی پارێزگاری پێشووی هەولێرەوە لە چۆمان دا، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاوەوە پڕۆژەکە بۆ گەڕەکی ئیسقەڵا لە سۆران گوێزرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران باسی لەوەشکرد: "دوو ساڵە رەزامەندی لەسەر پڕۆژەی قوتابخانەی د.فرسەت سۆفی هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی نەختینەوە چەند جارێک بەڵێندەر گرێبەستی کردووە و دواتر وازی لێهێناوە."
هەکارا هیبۆ رایگەیاند: "ئەم ساڵ رێککەوتن لەگەڵ بەڵێندەرێک کرا بۆ دروستکردنی 28 قوتابخانەی سێ پۆلی سەرخۆڵ لە سنووری رواندز، چۆمان، سیدەکان و مێرگەسۆر. لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەدا، قوتابخانەی 18 پۆلی بەناوی د.فرسەت سۆفی و چوار قوتابخانەی شەش پۆلی دیکە بە شێوەی جێبەجێکردنی راستەوخۆ دەدرێتە هەمان بەڵێندەر. کۆی تێچووی ئەم پڕۆژانە پێنج ملیار دینارە و مانگانە 90 ملیۆن دیناریان بۆ خەرج دەکرێ."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران رایگەیاند، دروستکردنی 28 قوتابخانە سەرخۆڵییەکە دەستی پێکردووە، بەڵام دەستپێکردنی قوتابخانەی د.فرسەت سۆفی دواکەوتووە، چونکە "ئەو زەوییەی تەرخانکراوە بۆ قوتابخانەکە خاوەندارێتییەکەی بۆ وەزارەتی پەروەردە دەگەڕێتەوە، بەڵام خەڵک بە زێدەڕۆیی خانووی لەسەر دروستکردووە و چاوەڕوانی لابردنی زێدەڕۆییەکانین بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجیکردنی بکرێ."
هەکارا هیبۆ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بڕیاریداوە قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە بکرێتەوە و خانووە زێدەڕۆییەکان بڕوخێندرێن؛ گوتیشی، کۆمپانیای جێبەجێکار ئامادەیە و "دوای لابردنی زێدەڕۆییەکان لەلایەن ئیدارەی شارەوە، دەستبەجێ دەست بە دروستکردنی قوتابخانەکە دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ