وەرزی یەکەمی خوێندن تەواو دەبێت و بایکۆت لە نیوەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

02-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

80 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت و بایکۆت لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەو سنوورانە بەردەوامە. جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 15 رۆژی ماوە وەرزی یەکەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان تەواو بێت و ئەگەر دەوامیش دەستپێبکاتەوە دەبێتە "پینەوپەڕۆ".
 
ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وێڕای "گوشارکردن" بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو هۆڵەکانی خوێندن، تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن لە بایکۆت و دەرگەی قوتابخانەکانیان نەکردوونەتەوە. گوتیشی، "ئێمە هاوشانی مامۆستایانی دامەزراو (میلاک) و فەرمانبەران، بەردەوام دەبین لە ناڕەزایی و بایکۆت تاوەکو جیبەجێکردنی داواکانمان".
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەرگەی قوتابخانەکان بە داخراوی ماوەتەوە؛ بەشێکی پۆلەکانی 12 دەوام دەکەن؛ دەکرێت لە شوێنێکیش مامۆستایەک لە دڵسۆزی خۆی دەرگەی قوتابخانەی کردبێتەوە، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە لە سنووری پارێزگای سلێمانی پرۆسەی خوێندن دەستپێکردبێتەوە".
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی 15 رۆژی ماوە وەرزی یەکەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان تەواو بێت و دەستپێکردنەوەی دەوام رانەگەیێندراوە. گوتیشی، "یەک رۆژ دواکەوتن بۆ پەروەردە مەترسییە؛ ئێستا نزیکەی سێ مانگە دەوام نەکراوە، دەبێت وەزارەتی پەروەردە چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە؛ هەرچیش بکرێت پێی دەگوترێت پینەوپەڕۆ".
 
لە 13ـی ئەیلوولەوە دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەدەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و دەرگەی قوتابخانەکان داخراون، بەڵام لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.