رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رووداوی گوت ئاگاداری هێرشکردنە کێڵگەی کۆرمۆرە و لەبارەی پێدانی سیستمی دژە مووشەک بە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەیری دەکەنەوە.
رۆژی سێشەممە، 02-12-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەی کۆبووەوە، رۆژنامەڤانان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون. دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.
یەکەمینجارە لە مێژوودا لەسەر ئاستی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رۆژنامەڤانێکی کورد لەو کۆبوونەوەیە بەشدار بێت.
دیار کوردە لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و پێدانی سیستمی دژە مووشەک پرسیاری لە دۆناڵد ترەمپ کرد کە ئایا ئامادەن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن؟
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: " سەیری دەکەم، گوێم لێبووە [لە هێرشەکە]، ئەوەی راستی بێت، خەریکە ئێستا شتی زیاترم گوێ لێدەبێ. لە خاڵە لەپێشینەکانم نەبوو، پێموایە پرسیارێکی زۆر نائاساییە، بەڵام پێموایە تۆ خەڵکی ئەوێی و بۆ تۆش ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، بۆمنیش هەروا، چونکە خەڵک کوژراون."
لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق، دۆناڵد ترەمپ گوتی: " عێراق بەگوێرەی ئێمە زۆر جیاوازترە ئێستا."
"ئێران لەو سەرچاوە ترسێنەرەی کە هەیبوو، چەندین پلە دابەزیوە [چووەتە خوارەوە]. ئەوان شەقاوەی [هەراسانکەری] رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوون، بەڵام چیدیکە وا نین. عێراق لەلایەن ئێرانەوە هەراسان دەکرا، ئێمە سەرۆکێکمان هەبوو کە پێی وابوو بیرۆکەیەکی باشە ئێران بتەقێنینەوە [لە ئێران بدەین]، ئێمەش وامان کرد." دۆناڵد ترەمپ وای گوت
دەقی پرسیاری دیار کوردە، پەیامنێری رووداو و وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
دیار کوردە: جەنابی سەرۆک، هەفتەی رابردوو، گرووپێکی میلیشایی لە عێراق هێرشی کردە سەر گەورەترین کێڵگەی گازی هەرێمی کوردستان کە تەنانەت کۆمپانیاکانی گازی ئەمریکاش لەوێ وەبەرهێنان دەکەن. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد سیستمی بەرگری دژە مووشەکی بۆ دابین بکات بۆ پارێزگاریکردن لە ژێرخانی مەدەنی و وەبەرهێنانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان. ئایا ئامادەن ئەو پاڵشپتییە پێشکێش بکەن؟ پرسیارێکی دیکە، سبەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پلانی هەیە ...
ترەمپ: دەتوانی بەرزتر قسە بکەیت؟ نەرمترین و خۆشترین دەنگت هەیە. پرسیارەکانت کەم بکەرەوە و دەنگت بەرز بکەرەوە.
دیار کوردە: زۆر باشە. هەفتەی رابردوو، گرووپە میلیشیاکانی عێراق هێرشیان کردە سەر یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی گاز لە هەرێمی کوردستان کە تەنانەت کۆمپانیاکانی ئەمریکاش وەربەهێنانیان تێدا کردووە.
ترەمپ: خەڵکی عێراقی؟
دیار کوردە: خەڵکی کوردستانم، کوردستانی عێراق و بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کاردەکەم. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد کە سیستمی دژە مووشەکیان بۆ دابین بکات بۆ پارێزگاریکردن لەو کێڵگە گازییانە و وەربەرهێنانیش لە هەرێمی کوردستان. ئایا ئامادەن هاوکارییان بکەن؟
ترەمپ: سەیری دەکەم، گوێم لێبووە [لە هێرشەکە]، ئەوەی راستی بێت، خەریکە ئێستا شتی زیاترم گوێ لێدەبێ. لە خاڵە لەپێشینەکانم نەبوو، پێموایە پرسیارێکی زۆر نائاساییە، بەڵام پێموایە تۆ خەڵکی ئەوێی و بۆ تۆش ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، بۆمنیش هەروا، چونکە خەڵک کوژراون. من دەڵێم، عێراق بەگوێرەی ئێمە زۆر جیاوازترە ئێستا، وەک لەوەی پێشتر کە بەشێک بوون لە ئێمە کە ئێمە توانای ئەتۆمیی ئێرانمان لەنێوبرد. ئێران لەو سەرچاوە ترسێنەرەی کە هەیبوو، چەندین پلە دابەزیوە [چووەتە خوارەوە]. ئەوان شەقاوەی [هەراسانکەری] رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوون، بەڵام چیدیکە وا نین. عێراق لەلایەن ئێرانەوە هەراسان دەکرا، ئێمە سەرۆکێکمان هەبوو کە پێی وابوو بیرۆکەیەکی باشە ئێران بتەقێنینەوە [لە ئێران بدەین]، ئێمەش وامان کرد. لەبری ئەوەی هێزێکیان هەبێت کە یەکسان بوو بە هێزی ئێران، ئەوان وایان لە ئێران کرد حوکمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ؛ هەر لەو رۆژەوەی بە فڕۆکەی بی2 لێمان دان [لە ئێران] و لەنێومان بردن، لەوانەیە لەنێوبردنی تەواوەتیش نەبووبێ، بەڵام دەرکەوت ئەوە لەنێوبردن و پەکخستنی تەواوەتی بوو. هەر یەک لەو مووشەکانەی تەقاندمان ئامانجی خۆی پێکا. ئەوە بەڕاستی ناوازە بوو. بەتەواوی نەما و سڕایەوە. پێت دەڵێم، عێراق ئێستا بووەتە شوێنێکی زۆر هاوڕێیانەتر، ئەوان قسەمان لەگەڵ دەکەن، سەرۆکوەزیران لەگەڵ نزیکەی 78 وڵاتی دیکە منیان بۆ خەڵات نۆبڵ بەربژێر کرد. تاکە کەس کە لەلایەن ئەوەوە بەربژێر کرا، 100 وڵات بوو. [ئەو بەشە هیچ روون نییە]. ژیانی ژمارەیەکی زۆر خەڵکم رزگار کردووە، بەڵام عێراق ئێمەی بەربژێر کرد بۆ خەڵاتی نۆبڵ، ئەمەش شکۆیەکی گەورەبوو. ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان لە عێراق نەدەکرد. لەوکاتەوە توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لاواز کردووە، عێراق وڵاتێکی زۆر جیاوازە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ