سابیر حەمەد: 83 هەزار قوتابی لە سنووری پەروەردەی بنەسڵاوە تاقیکردنەوە دەکەن

03-01-2024
هیدایەت جان
سابیر حەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە
سابیر حەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە دەڵێت، لە ئەمڕۆوە زیاتر لە 83 هەزار قوتابی لە سنووری پەروەردەکەیان تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمی خوێندن دەکەن و دوای تاقیکردنەوەکانیش خوێندنی وەرزی دووەم دەستپێدەکات.
 
رۆژی چوارشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2023 سابیر حەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "لە سنووری پەروەردەی بنەسڵاوە 273 قوتابخانە و باخچەی منداڵان هەن، کە لە ئەمڕۆوە لە 252 قوتابخانەیان تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەکرێت."
 
بە گوتەی سابیر حەمەد، لە قۆناخی چواری بنەڕەتییەوە تاوەکو 12ی ئامادەیی، 83126 قوتابی تاقیکردنەوە دەکەن و 12600 قوتابی ئامادەیی تاقیکردنەوەکانیان بەپێی خشتەی دیاریکراو، کە لەلایەن قوتابخانەکانیان داڕێژراوە، تاقیکردنەوە دەکەن.
 
تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمی خوێندن لە ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و لە 15ی کانوونی دووەم کۆتاییان دێت، بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە دەڵێت، "لە سەرەتای خوێندنی 2023 – 2024ەوە بەبێ دابڕان خوێندن لە سنووری پەروەردەکەیان بەردەوام بووە، لەدوای تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم، خوێندنی وەرزی دووەمی ئەم ساڵ دەستپێدەکات."
 
لە سنووری پەروەردەی گشتیی هەولێر، کە حەوت بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە دەگرێتەوە، ناوەندی هەولێر، بنەسڵاوە، کۆیە، شەقڵاوە، خەبات، مەخموور و دەوروبەر، لە ئەمڕۆوە زیاتر لە 464 هەزار قوتابی لە قۆناخی چواری بنەڕەتی تاوەکو 12ی ئامادەیی تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم ئەنجام دەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە