کارکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک راگیرا؛ "پارەی کەس نافەوتێت"

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە هەولێر رایگەیاند، کارکردنی ئەپلیکەیشنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک راگیراوە. بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت: "ئەوانەی پارەیان داوە و ناویان زیاد نەکراوە پارەکەیان نافەوتێت".
 
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە شەوی رابردووەوە کارکردنی ئەپلیکەیشنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک راگیراوە و تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە".
 
بەشێکی ئەو هاونیشتمانییانەی منداڵی ساوایان کارتی نیشتمانی دەرهێناوە، یان پێشتر لە دەرەوەی وڵات بوون و لە سیستمەکە خۆیان تۆمار نەکردووە و بەشەخۆراکیان بڕاوە، تاوەکو دوێنێ دەیانتوانی ناویان لە سیستمەکە تۆمار بکەن و بەشەخۆراکی مانگانەیان بۆ بگەڕێتەوە.
 
ئاراس محەممەد گوتی: "لە دوێنێوە بەشێکی خەڵک بە سیستمی بانکی پارەیان داوە و ناوەکەشیان لە فۆڕمەکە زیاد نەکراوە، بۆ ئەوەی کێشەی زیاتر دروست نەبێ کارکردنی فۆڕمەکە وەستێندراوە".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی، لایەنی پەیوەندیدار بە ئەوانی گوتووە، ئەوانەی پارەیان داوە و ناویان زیاد نەکراوە پارەکە دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەژمارەکەیان و نافەوتێت.
 
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: " خزمەتگوزارییەکانی سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراک بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لەگەڵ سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بەشێوەیەکی کاتی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە راگیراوە".
 
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوە، تاوەکو کێشە تەکنیکییەکە چارەسەر دەبێت وەستانی سیستمەکە بەردەوام دەبێت.
 
یەکەم جار 2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و 02ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتاییهات، جارێکی دیکە 10-11-2025 فۆرمەکە بۆ 10 رۆژ بێبەرامبەر کارا کرایەوە و دواتر داخرایەوە و پاسان لە بەرامبەر رسوماتی پارەدایە کرایەوە.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو سەرەتای مانگی 12ـی پار، لە هەرێمی کوردستان 93.91%ـی هاونیشتمانیان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکدا خۆیان تۆمارکردووە کە بە گوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە: هەولێر 94.14%ـی دانیشتووان، سلێمانی 93.68%، دهۆک 93.67% و لە هەڵەبجەش 96.80%ـی دانیشتووانەکەی خۆیان تۆمار کردووە.
 
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "زۆربەی تاوانکارانی ئەلیکترۆنی لە رەگەزی نێرن".

ئاسایشی سلێمانی: تاوانە ئەلیکترۆنییەکان روویان لە بانکەکان کردووە

بەهۆی زیادبوونی گرووپ چات و ئەکاونتی فەیک و بوونی چەندین کەیسی هەڕەشە و هەڵخەڵەتاندن، تیمێکی رووداو سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی کرد تاوەکو بزانێت ئەم تاوانە ئەلیکترۆنییانە بۆچی و لەپای چی ئەنجام دەدرێن و کێیان لەپشتە؟