رووداو دیجیتاڵ
لە بازگەیەکی ئاسایشی سلێمانی دوو راوچی دەستگیرکران کە 93 کۆتری کێوییان کوشتبوو. بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، دوو کەسەکە سزای یاسایی دەدرێن.
رۆژی یەکشەممە، 03ـی ئاداری 2024، هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەردوو راوچییەکە کە باڵندەکانیان کوشتبوو، رادەستی دادگە کراون و زیندانی کراون."
راوچییەکان دوێنێ کۆترە کێوییەکانیان کوشتووە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، راوچییەکان لە بازگەی کەڵەوانان لە ناحیەی پیرەمەگروون لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون.
هێمن کەمەرخان دەڵێت، "سزای راوکردن جیایە و دادوەر یەکلایی دەکاتەوە. بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکان، کوشتنی کەڵەکێوییەک یان ئاسکێک 10 ملیۆن دینار پێبژاردن سزاکەیەتی؛ کوشتنی بەرازێک 300 هەزار و کەوێک 150 هەزار دینارە؛ جار هەیە دادوەر جگە لە سزا مادییەکە، راوچی ناچار دەکات باڵندەش بکڕێت و ئازادی بکات."
جگە لە کۆترەکان، دەستگیراوە بەسەر چەکی راوکردن و کەرەستەکانی دیکەی دوو راوچییەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ