کوردستان
سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری سری سورەییا، ئەندام و سەرکردایەتیی دەم پارتی دەکات.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "بەداخێکی زۆرەوە" هەواڵی کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەری پێگەیشتووە و "هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە".
ئەمڕۆ شەممە، 03-05-2025، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی، کۆچی دوایی کرد.
سری سورەییا ئۆندەر، شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو و رەوانەی نەخۆشخانەی کرا. دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ لە تەمەنی 62 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
سەرۆک بارزانی لە راگەیێندراوێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکار، هاوڕێ. سەرکردایەتی. ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "خوالێخۆشبوو سری سورەییا ئۆندەر بەشی زۆری ژیانی خۆی بۆ خەباتی سیاسی و ئاشتیانە تەرخان کرد و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە."
سەرۆک بارزانی دەشڵێت، "لە خودای گەورە داواکارم رۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە گشت لایەک ببەخشێت."
دەم پارتی رایگەیاند، تەرمی سری سورەییا ئۆندەر، رۆژی یەکشەممە، چواری ئایاری 2025، بەخاکدەسپێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ