رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی 'دەنگی ژنانی بێسنوور' لە هەولێر بەڕێوەدەچێت. سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە دەڵێت، تیشک دەخەنە سەر پێداویستی و رۆڵی ژنان لە ناوچە ئاڵۆزەکان و ئەو وڵاتانەی شەڕیان تێدایە.
ئەمڕۆ شەممە 03-05-2025 یەکەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی 'دەنگی ژنانی بێسنوور' لە هەولێر دەستیپێکرد و دوو رۆژ دەخایێنێت.
شەیدا حیسامی، سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'رۆژی هیوا جەمال'ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، "لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە گیرۆدەی شەڕ و ناکۆکی بووە و مافەکانی مرۆڤ و ژینگە بوونەتە قوربانیی ئەو ناکۆکییانە، دەنگی ژنان زۆر کاریگەرە بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی."
کۆنفرانسەکە بە پاڵپشتیی حکومەتی فەرەنسا و بە ئامادەبوونی 60 ژنی خاوەن دەنگ و کاریگەر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باکووری ئەفریقیا و ئەورووپا بەڕێوەدەچێت. شەیدا حیسامی گوتی، "دەمانەوێت لە رێگەی دەنگی ئەم ژنانەوە باس لە پێداویستییەکان و گرفتەکان بکەین و دواجار بتوانین ئەنجامی گفتوگۆکانی ئەم دوو رۆژە بخەینەڕوو."
ئەو سەرپەرشتیارە لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی هەولێر بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە گوتی، "چەند وڵاتێکمان هەڵبژاردبوو، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕ و ناکۆکییانەی لە ناوچەکەدا هەن، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە بتوانین بە ئازادی و لە ئارامیدا، دەنگی ژنانی وڵاتەکانی شەڕ وەک فەلەستین، لوبنان، یەمەن و سووریای تێدا کۆ بکەینەوە و ئەو بابەتە هەستیارانە بخەینە بەر باس."
شەیدا حیسامی دەڵێت، ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رۆڵی ژنانی لە کایە سیاسییەکاندا کەمکردووەتەوە و گوتی، "دەمانەوێت لە رێگەی کۆنفرانسەکەوە پێداویستییەکانی ژنان و ناوچەکە لەم دۆخەدا ببیستین و دواجار ئەنجامەکەی وەک راپۆرتێک پێشکێشی حکومەتی فەرەنسا بکەین."
کۆنفرانسەکە تیشک دەخاتە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی کە بریتین لە مافەکانی مرۆڤ، گۆڕانی کەشوهەوا، ژیریی دەستکرد و کاریگەرییان لەسەر ژنان و رۆڵی ژنان لەو بوارانەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ