رووداو دیجیتاڵ
رێگەی سلێمانی – دووکان 45 کیلۆمەترە. 24 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵی تێدا دانراوە. ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵک و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی لێکەوتووەتەوە.
کارکردنی کامێراکانی رێگەکە هەفتەیەکی بەسەردا تێنەپەڕیوە، فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سلێمانی دەڵێت پڕۆژەکە پێچەوانەی یاسایە و کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەکەن.
عیماد حەمید، پارێزەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی لە سلێمانی دەڵێت، "هیچ دامەزراوەیەک خۆی ناکات بە خاوەنی ئەم گرێبەستە؛ کەس نییە وەڵامێک بداتەوە و بەرگرییەک لە گرێبەستەکە بکات. ئێمە لە ماوەکانی داهاتوودا بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەدا کاردەین".
کامێرای خاڵ بۆ خاڵ پێش سلێمانی، لە هەولێر کەوتەکار، بەڵام لەنێو شاردا نەوەک دەرەوەی شار.
هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەرزترین خێرایی رێگەکە 109 کیلۆمەترە لەکاژێرێکدا و کاتیش لەنێوان دوو کامێرەدا دیاری نەکراوە و شۆفێر بە خێرایی لە هەموو کامێراکانیش بدات یەک سزا دەدرێت.
هاونیشتمانییەک کە لە بەریتانیا دەژی، دەڵێ خاوەنی بیرۆکەی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بووە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەکاتی دانانیدا راوێژی پێنەکراوە.
سەروەت محەممەد، ئەندازیاری رێگەوبان و خاوەن بیرۆکەی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەڵێت، "پڕۆژەی کامێرای پۆینت تو پۆینت هەڵەی یاسایی تێدایە، یەکێک لەو هەڵانە ئەوەیە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک کۆمپانیاکە بزانێت خاوەنداریی ئۆتۆمبێلی سەرپێچیکار کێیە، کە ئێستا ئەمە دەزاندرێت، لەلایەکی دیکەوە کامێرای پۆینت تو پۆینت نابێت لە رێگەی خێرا دابندرێت و نابێت لە رێگەیەک هەبێت کە رێگەی دیکەی بێتەسەر".
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کورستان، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئیێرلی فیوچهر کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بەشێوەی خاڵ بۆ خاڵ کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ