رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە خەڵکی رەسەنی هەرێمی عەفرین داوای ئەوە دەکەن کە ناوچەکەیان بکرێتە پارێزگا و بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک کەسایەتیی عەفرین کار لەسەر دەستپێشخەرییەک دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو لایەنە یاسایی، کارگێڕی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەو پرسە.
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، لە شاری عەفرین کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی ژمارەیەک کەسایەتیی شارەکە بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دەستپێشخەری و پێشنیازی بەپارێزگاکردنی هەرێمی عەفرین. بەشێک لە ئامادەبووان پێیانوابوو، زۆربەی مەرجەکانی بەپارێزگابوون لە هەرێمی عەفریندا هەن.
تۆڕی میدیایی ڕووداو، وێنە و زانیاریی تایبەتی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەستکەوتووە. قەهرەمان مستەفا، یەکێک لە پشتگیریکاران و دەستپێشخەرانی ئەو پرسە، بە رووداوی راگەیاند: "عەفرین یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی سووریا و نزیکەی هەزار شوێنەواری مێژووییشی تێدایە، ئەمەش یەکێکە لە بنەماکانی ئەوەی بکرێتە پارێزگا."
قەهرەمان مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو پێداویستییەکانی بەپارێزگابوون لە عەفریندا هەن و گوتی: "رووبەر، زمان، رۆشنبیری، شوێنەوار، گەشتوگوزار، پیشەسازی و بازرگانی لە عەفرین هەن." هەر بۆیە پێیوایە عەفرین "شایستەی ئەوەیە ببێتە پارێزگا و لەسەر داهاتی خۆیشی پێش دەکەوێت."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە دەستپێشخەرانی بابەتەکەوە دەستکەوتوون، دوای چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆ، چاوەڕوان دەکرێت سەرپەرشتیارانی دەستپێشخەرییەکە نامەیەک ئاراستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بکەن.
رووداو زانیویەتی، لە نامەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە خەڵکی عەفرین داوا دەکەن حکومەت رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕیی هەرێمی عەفرین لە قەزاوە بۆ پارێزگا.
هەروەها داوا لە حکومەتی سووریا دەکەن، تایبەتمەندیی دانیشتووان و جوگرافیای عەفرین لەبەرچاو بگیرێت، هاوکات دەرفەتەکانی گەشەپێدان و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەهێز بکرێن و بپارێزرێن.
عەبدولمەنان محەممەد، یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و پشتگیریکارێکی پێشنیازەکە، دەڵێت: "ئەگەر عەفرین هەرێمێکی ئیداری (قەزا) بێت، ناتوانرێت زانکۆی تێدا بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر ببێتە پارێزگا، دەکرێت زانکۆی تێدا بکرێتەوە."
عەبدولمەنان محەممەد هەروەها گوتی: "پێشتریش وامان دەبیست، هەر کارێک پەیوەندیی بە پارێزگاوە نەبووایە، پێیان دەگوتین، بڕۆنە لای پارێزگار، پارێزگاریش ئیمزای دەکرد و ئینجا کارەکان رایی دەکران."
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکان لەسەر داواکاری و دەستپێشخەریی بەپارێزگاکردنی عەفرین بەردەوام دەبن، تاوەکو دەگەنە ئەنجامێکی گونجاو لەمبارەیەوە کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی عەفرین بێت، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر پارێزگای حەلەب، کە ئێستا هەرێمی عەفرین سەر بەو پارێزگایەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ