رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند کە تۆمەتبارە بە فرۆشتنی ئامێری "بلوتوس" تایبەت بە گزیکردن، کە لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەکاردەهات.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 3ی حوزەیران رایگەیاند، بە هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانیانەوە، "ناسنامەی تۆمەتبارێکمان ئاشکرا کرد، بەناوی (م. ک. خ) دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرمان کرد."
لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، تۆمەتبارەکە "کاری فرۆشتنی ئامێری (بلوتوس) کە تایبەتە بە (گزیکردن/ غش) دەکات، چەند ئامێرێکی لە شاری بەغداوە دەربازی ناو شاری هەولێر کردبوو بە مەبەستی ئەوەی ساغیان بکاتەوە، بەڵام بەر لەوەی ئامێرەکان ساغ بکاتەوە، دەستمان بەسەر ئامێرەکاندا گرت."
هەروەها ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵانە لەکاتی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەک پەیج و ئەکاونت بانگەشەی فرۆشتی ئەو ئامێرانە دەکەن، کە قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە، بۆیە هەر کەسێک کاری کڕین و فرۆشتن بەو ئامێرانەوە بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دەدرێتە دادگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ