بەرگریی شارستانیی سۆران: شەممەی داهاتوو گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا کۆتایی دێت

03-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا کۆتایی دێت و نوێژی مردووی بە غائیبی لەسەر دەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی تەممووزی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "5ـی ئەم مانگە سێ مانگ بەسەر ونبوونی ئاڤێستا تێدەپەڕێت، بۆیە ئەو کات دەست لە گەڕان هەڵدەگرین و راپۆرتی کۆتایی پێشکێشی لایەنی پەیوەندیدار دەکەین لەسەر ئەنجامی گەڕانەکە لەو ماوەیەدا".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، لەدوای مانگی یەکەم، بڕیار بوو هەفتەی دوو رۆژ بەدوای تەرمی ئاڤێستا بگەڕێن، بەڵام لەگەڵ خێزانی ئاڤێستا رۆژانە بەردەوام بوون تاوەکو ئێستا.
 
وەک کاروان میراودەلی دەڵێت، 8 تیمی بەرگریی شارستانیی سۆران کە نزیکەی 60 کەس دەبن رۆژانە بەردەوام لەگەڵ خێزانی ئاڤێستا لە گەڕان بەردەوامن. گوتیشی، لە دوایین رۆژدا هەوڵەکانیان زیاتر چڕ دەکەنەوە و 100 کارمەند بەدوایدا دەگەڕێن.
 
ئاڤێستا یوسفی تەمەن 27 ساڵ، رۆژی 5ـی نیسانی 2025 لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە نێو رووباری تەنگاتووڕ.
 
5ـی تەممووز سێ مانگ بەسەر ونبوونی ئاڤێستا تێدەپەڕێت. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی: "دوای راپۆرتی کۆتایی ئێمە، خێزانەکەی دەتوانن نوێژی مردووی بە غائیبی لەسەر بکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە