ئایدن مەعرووف: بەغدا مووچە وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنێت

03-07-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێ، حکومەتی عێراق پرسی مووچەی کردووەتە بابەتێکی سیاسی و وەک کارتی گوشار دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەغدا "نیازی چارەسەرکردنی نییە." ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن.
 
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "ئەوەی بەغدا دەیڵێت راست نییە. راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستووری و یاسایی نییە، بەڵکو سیاسییە و مەبەستیان برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە."
 
ئایدن مەعرووف گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە پرسی نەوتدا جێبەجێ کردووە و کۆبوونەوەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان "باش و ئەرێنی" بوون، بەڵام رێککەوتنەکە تەنیا پێویستی بە واژۆی سەرۆکوەزیرانی عێراقە.
 
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "حکومەتی عێراق جیدی نییە لە چارەسەرکردنی کێشەکان. دوو ساڵە نەوت راگیراوە و زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانە".
 
 
هاوکات سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتی، دەبێت تاوەکو دەرچوونی یاسای نەوت و گاز پشت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ببەسترێت.
 
سەعدی پیرە گوتیشی، چارەسەری کێشەی نەوت لە پەرلەمان قورسە، چونکە بە گوتەی ئەو، "هەندێک لایەن بەرژەوەندییان لە نەبوونی یاسای نەوت و گاز هەیە و خۆیان لە چارەسەر دەدزنەوە."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتی، "هاووڵاتی گوناحی نییە سزا بدرێت بۆ کێشەیەک کە چارەسەرەکەی لە لایەکی دیکەیە" و گوتیشی، گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن.
 
لە 25ی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. هەمواری یاسای بودجە لە 17ی شوباتەوە چووەتە واری جێبەجێکردن، بۆئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.
 
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانیان وەرنەگرتووە و حکومەتی عێراق ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەو مەبەستە بنێرێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.