پەکەکە چۆن چەک دادەنێت؟ رووداو وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات

03-07-2025
بەختیار قادر
بەختیار قادر
دیمەنی ژمارەیەک چەکداری پەکەکە. وێنە: Reuters
دیمەنی ژمارەیەک چەکداری پەکەکە. وێنە: Reuters
نیشانەکردن چەکدانانی پەکەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لێرە لە بناری قەندیل، لەو ناوچانەی کە بە "هەرێمی پاراستنی میدیا" ناسراون، چاوەکان لەسەر هەنگاوێکی چارەنووسسازن. چاوەڕوان دەکرێت پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە وەک نیازپاکی بۆ پرۆسەی ئاشتی، هەنگاوی کردەیی بنێت و وەڵامی دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی بداتەوە.
 
هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیە مێژوویەکی درێژیان هەیە. دوای دەستپێشخەرییەکانی پێشووی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک مام جەلال، ئێستا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێوەندگیرییەکی بەردەوام لەنێوان ئەنقەرە و پەکەکەدا دەکات و ئاسۆکان روونتر دێنە بەرچاو.
 
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە گەشبینییەوە سەیری دۆخەکە دەکەن و رۆڵی هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا بە گرنگ دەزانن.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئومێدێکی زۆر هەیە کە هەنگاوی کردەیی وەک چەکدانانی پەکەکە لە ئاییندەیەکی نزیکدا ببینرێت. تورکیاش پلانی بۆ پرۆسەکە هەیە و پەرلەمانی وڵاتەکە دەست بە کاری کردەیی دەکات. سەردانی ئیبراهیم کاڵن بۆ هەرێمی کوردستان و دیداری لەگەڵ جەنابی سەرۆک، جەختی لەسەر گرنگیی رۆڵی هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا کردەوە".
 
بەپێی زانیارییەکان، یەکەم هەنگاوی کردەیی پەکەکە بریتی دەبێت لە لەنێوبردنی چەکەکانیان بە شێوەیەکی ئاشکرا و لەبەرچاوی میدیاکان. هەنگاوێک کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێیان وایە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت، نەک تەنیا بۆ باکووری کوردستان و تورکیا.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەکە دووپات دەکاتەوە و پێی وایە ئاشتی، بیانووی هێرشەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ناهێڵێت.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتین. پێمان وایە بۆردوومان و تۆپباران و دانانی قەیوم، هەمووی کراونەتە بیانوو لە دژی پەکەکە. کاتێک ئەو بیانووانە نامێنن و پەکەکە چەک دادەنێت، ئێمە جگە لە پشتیوانیکردنی پرۆسەکە، شتێکی دیکەمان نییە".
 
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە ململانێی 40 ساڵەی نێوان تورکیا و پەکەکە، زیانێکی گەورەی مرۆیی و ماددی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون، چوار هەزار گوندی باکووری کوردستان وێران بوون، و هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ئەم شەڕەوە زیاتر لە 500 گوندی چۆڵکراوە و نزیکەی 720 کەسیش بوونەتە قوربانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە