نێچیرڤان بارزانی و محەممەد ئەلحەسان: چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە

03-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان لە عێراق کرد؛ جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا کرایەوە و رایانگەیاند، کە چارەسەرکردنیان لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 03ـی تەممووزی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەکاتی پێشوازیکردن لە د. محەممەد ئەلحەسان، سەرۆکی نوێی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یوونامی)، رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتاییهاتنی ئەرکی یوونامی، هەموو پشتیوانی و ئاسانکارییەک پێشکێش دەکات."
 
بەپێی راگەیێندراوێک کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەماهەنگیی نێوان یوونامی و لایەنە پەیوەندیدارەکان و دوا پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کاریگەرییەکانیان تاوتوێ کراون.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان "سوپاس و پێزانین"ـی بۆ رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و یوونامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە و ئامادەیی نیشانداوە بۆ "پێشکێشکردنی هەموو ئاسانکاری و هەماهەنگی و پشتیوانییەکی پێویست تا ماوەی کۆتاییهاتنی ئەرکیان."
 
لای خۆیەوە، د. محەممەد ئەلحەسان ستایشی هاوکاریی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و جەختی لە "گرنگیی پاراستنی عێراق لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردووەتەوە."
 
"هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر - بەغدا و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە و خزمەت بە پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵات دەکات." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وای گوت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە