رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری دۆسیەی رفێندراوانی کوردی ئێزدی دەڵێ، هێشتا دوو هەزار و 500 کوردی ئێزدی رفێندراو بێسەروشوێنن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەیەک لە کچانی کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە براونەتە وڵاتانی کەنداو و بەشێکی دیکەی وڵاتانی جیهان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 03-08-2025 کە هاوکاتە لەگەڵ 11ـیەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، خەیری بۆزانی، سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، رایگەیاند: ''دوو هەزار و 553 کەس لە رفێندراوانی ئێزدی بێسەروشوێنن.''
بەگوتەی خەیری بۆزانی، زانیارییان هەیە بەشی زۆری رفێندراوان لە کەمپی هۆلن لە رۆژئاوای کوردستان و ژمارەیەکیشیان براونەتە وڵاتانی دیکە.
نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی 2014ەوە کار بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی رفێندراو دەکات.
سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی لەبارەی چۆنێتیی بەدەستهێنانی زانیارییەکان لەسەر رفێندراوان گوتی: ''زانیارییەکانمان لە شایەتحاڵانەوە دەست دەکەوێ. ئەو کەسانەی رزگاریان دەکەین، پێمان دەڵێن چەند کەسی ئێزدیی دیکەیان لەگەڵ بوون.''
خەیری بۆزانی گوتی، لە ساڵی 2014ەوە تاوەکو 2018 پڕۆسەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی بە خێرایی بەڕێوەچوو، ''بەڵام دوای ئەوەی [ژنان و منداڵانی چەکدارانی پێشووی داعش] لە کەمپی هۆل کۆکرانەوە، بەداخەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاوکارنەبوون بۆ ئەوەی [ئێزدییانی نێو ژنان و منداڵانی چەکدارانی پێشووی داعش] رزگار بکەین.''
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێکی زۆری دانیشتووانی کەمپەکە، ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن، بەڵام رفێندراوانی کوردی ئێزدیشیان تێدایە کە ناوە ناوە رزگار دەکرێن.
وەک خەیری بۆزانی دەڵێ، لە ساڵی 2014ەوە سێ هەزار و 590 کوردی ئێزدی رزگارکراون کە ''رزگارکردنی 86٪ـیان لە رێگەی نووسینگەی ئێمەوە بووە. زۆربەیان بە پارە و هەندێکیشیان بەبێ پارە رزگار کراون.''
خەیری بۆزانی باسی لە رۆڵی حکومەتی عێراق لە قەرەبووکردنەوەی رزگارکراوان کرد و گوتی: ''تاوەکو بەر لە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رزگاربووانی ئێزدی کە بارەگاکەی لە موسڵە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵییە، عێراق بە هیچ شێوەیەک هیچ هەوڵێکی لەوبارەوە نەدا.''
سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی ئەوەشی خستەڕوو، دوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە موسڵ ''چەند پارچە زەوییەک بەسەر رزگاربووان دابەشکران یان مووچەیەکی مانگانەیان بۆ بڕیونەتەوە، بەڵام ئەوەی حکومەتی عێراق کردوویەتی، لە ئاستی پێویستدا نییە.''
رێکخراوە پڕگیرەکەی داعش لە هەموو وڵاتانەوە ئەندامی هەبوو. خەیری بۆزانی گوتی:''ئەندامانی داعش خەڵکی هەر وڵاتێک بووبن، کچانی ئێزدییان لەگەڵ خۆیان بردووەتە ئەو وڵاتە.''
بەگوتەی سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی، ''ئێستا رفێندراوان لە بەشێک لە وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی لە سعودیە هەن؛ هەروەها لە تورکیا، سووریا، فەڵەستین، توونس و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە.''
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە کارەساتەکەی شنگال لەلایەن وڵاتانەوە بە فەرمی بە جینۆساید بناسێنرێ. خەیری بۆزانی دەڵێت: ''تاوەکو ئێستا پەرلەمانی 13 وڵات دانیان بە جینۆسایدی ئێزدیان دا ناوە کە زۆربەیان ئەورووپین، بەڵام هەنگاوی زیاتر پێویستە.''
سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی گوتیشی: ''پێویستە لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتانەوە کە پەرلەمانەکانیان دانیان بە جینۆسایدی ئێزدییان داناوە، هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی یاساکە بنرێ، بەڵام بەداخەوە یەک حکومەتیش لەو 13 وڵاتە هیچ بڕیارێکی بۆ بە جینۆسایدناساندنی کارەساتەکە دەرنەکردووە''.
حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا کە لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵێنی تووندکردنی رێکارەکانی بەرامبەر کۆچبەران و پەناخوازان داوە. خەیری بۆزانی گوتی: ''زۆربەی ئەو کەسانەی لە ئەڵمانیاوە دیپۆرت دەکرێنەوە، ئێزدی و خەڵکی شنگالن، ئەمەش خۆی لەگەڵ بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کارەساتەکە دوو بڕیاری دژ بە یەکن.''
3ی ئابی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال و نزیکەی پێنج هەزار کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون؛ هەروەها 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران کە لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ