رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی دوو سەرچاوە بۆ رووداو، 120 ملیار دینار لە بەرامبەر مووچەی مانگی حوزەیران ئامادەیە و هۆکاری نەناردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێتەوە بۆ "چاوەڕێکردنی رێککەوتن لەبارەی نەوت یان وەرگرتنی گەرەنتی لە بەغدا بۆ ناردنی مووچە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 3-8-2025 دوو سەرچاوە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، ئەو بڕە پارەیە کە دەبێ وەک داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق بکرێ کە بریتییە لە 120 ملیار دینار، ئامادەیە.
رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دوو تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێ. یەکێکیان پەیوەندی بە داهاتی نانەوتییەوە هەیە و ئەوی دیکەشیان پەیوەندی بە نەوتی بەرهەمهێندراوەوە هەیە.
17ی مانگی رابردوو هەولێر و بەغدا لەسەر رادەستکردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆ رێککەوتن، بەڵام هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان هەبووە و بەرهەمەکەیان دابەزاندووە.
ئێستا لیژنەیەک لە هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی بزانن هەولێر دەتوانێ چەند نەوت بەرهەم بهێنێ و چەندی رادەستی سۆمۆ بکرێ.
دوو سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتیان، ئەگەر کاری ئەو لیژنەیە تەواو بوو و رێککەوتن کرا کە ئێستا چەند نەوت رادەست بکرێ و لەسەر ئەو بنچینەیەش پارەی مووچەی مانگی حوزەیران دەنێردرێ، ئەو کاتە 120 ملیار دینارەکەش دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
سەرچاوەیەکی دیکەی حکومەتیش بە رووداوی گوت، ئەگەر حکومەتی عێراق گەرەنتی بدات کە پارەی مووچە دەنێرێ، ئەو کاتە ئامادەن 120 ملیار دینارەکە بخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، تەنانەت ئەگەر بەم زووییەش رێککەوتنی تایبەت بە نەوتەکە یەکلایی نەبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ