دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: هێشتا کێشەی زمانی کوردی بۆ خوێندکار و قوتابییانی کورد چارەسەر نەکراوە

03-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هێشتا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە کە خوێندکاران و قوتابییانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆیان دروستکراوە، بەوەی رێگەیان پێنادرێت لە تاقیکردنەوەکاندا بە زمانی کوردی وەڵام بدەنەوە.

ناوەڕاستی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگەکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە کردووە؛ تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، نابێت وانەگوتنەوە و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە و وەڵامەکانیان بە زمانی کوردی بن، بەڵکو تەنیا بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی و بەپێی پسپۆڕییەکان دەبێت. هاوکات وەزارەتەکە هەڕەشەی لێپرسینەوەی یاساییشی کرد.
 
دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت، "دوای دەرچوونی نووسراوی ژمارە (8298) لە (16-07-2025)ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، کە رێگری دەکات لە وەڵامدانەوەی خوێندکاران و قوتابییان بە زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان، ئەوکات و دوای هەوڵەکان وا راگەیێندرا کە کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام بەداخەوە ئەو کێشەیە کە خەرقێکی (پێشێلی) روونی مادە چواری دەستووری عێراقە، هێشتا چارەسەر نەکراوە و رێگرییەکان وەکو خۆیان ماون، بەتایبەتی بۆ خوێندکارانی بەشی یاسا و ئەو وانانەی کە تاقیکردنەوەی وەزارین."

دەستەکە داوا لە کاربەدەستان لە بەغدا دەکات، "هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆئەوەی دەرفەت بدرێت خوێندکاران بە زمانی شیرینی دایک وەڵام بدەنەوە، وەرگێڕی پێویستیش بۆ روونکردنەوەی وانەکان دابین بکرێت." ئاماژەی بەوەش کردووە، "بێگومان لە بەردەوامیی ئەم کێشەیە و پابەند نەبوون بە مادە چواری دەستوور و پێشێلکردنی، رێگەی دادگەی فیدراڵی دەگرینەبەر."

دەقی راگەیێندراوی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان:
 
دوای دەرچوونی نووسراوی ژمارە (8298) لە (16-07-2025)ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە رێگری دەکات لە وەڵامدانەوەی خوێندکاران و قوتابییان بە زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان، ئەوکات و دوای هەوڵەکان وا راگەیێندرا کە کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام بەداخەوە ئەو کێشەیە کە خەرقێکی روونی مادە چواری دەستووری عێراقە، هێشتا چارەسەر نەکراوە و رێگرییەکان وەکو خۆیان ماون، بەتایبەتی بۆ خوێندکارانی بەشی یاسا و ئەو وانانەی کە تاقیکردنەوەی وەزارین، بۆیە ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام لە هەوڵداین بۆئەوەی مادە چواری دەستوور و کێشەی قوتابییانمان چارەسەر بکرێت و ئاریشەکانی بەردەم زمانی کوردی وەکو دووەم گەورەترین زمانی بەکارهاتوو لاببرێن.
 
لە هەمان کاتدا داواکارین لە کاربەدەستە بەڕێزەکانمان لە بەغداد هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە، بۆئەوەی دەرفەت بدرێت خوێندکاران بە زمانی شیرینی دایک وەڵام بدەنەوە و وەرگێڕی پێویستیش بۆ روونکردنەوەی وانەکان دابین بکرێت.
 
ئێمە لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکەدا وەک دەستەی ناوچە کوردستانییەکان رامانگەیاند، بڕیار پێویستە بە بڕیار هەڵبوەشێتەوە نەک بە گفتوگۆی زارەکی، عێراق و دەستوورەکەی موڵکی گەلانی عێراقە و لەم چوارچێوەیەشدا مافی رەوای خەڵکی کوردستانە شەڕی زەوتکردنی مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئەنجام بدات، بێگومان لە بەردەوامیی ئەم کێشەیە و پابەند نەبوون بە مادە چواری دەستوور و پێشێلکردنی، رێگەی دادگەی فیدراڵی دەگرینەبەر.
 
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.