وەزارەتی پەروەردە بۆ مامۆستایانی ناڕازی: داواکارین بە زووترین کات دەست بە خوێندن بکرێتەوە

03-10-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان داوا لە مامۆستایانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەکات بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن. نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، مامۆستایانی میلاک داوای مووچەی مانگەکانی 8 و 9 دەکەن و وانەبێژانیش مەرجی گەڕانەوەیان کردنیانە بە گرێبەست.

رۆژی سێشەممە، 3ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوای لەو مامۆستایانە کرد بایکۆتی دەوامیان کردووە بگەڕێنەوە دەوام و رایگەیاند، "مووچە مافێکی بنەڕەتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و ئێمە سوپاسی رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەکەین. هەموو لایەکیش دۆخی دارایی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو دۆخە دەزانین کە رووبەڕووی کوردستان کراوەتەوە. زیاتر لە دوو هەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردووە، بەڵام لە هەندێک ناوچە دەوام نەکراوە".
 
ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، مووچە مافی بنەڕەتیی مامۆستایانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی کوردستانە لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ؛ داواشی کردووە، "هەرچی زووترە دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی رابردوودا زیانی هەبووە و هیچ بوارێکمان نییە گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن بکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە کە بە زووترین کات دەستبکرێتەوە بە دەوامکردنی ناوەندەکانی خوێندن".
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 13ـی ئەیلوولەوە کە بڕیار دراوە دەوامی خوێندن دەستپێبکات، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین هیچ قوتابخانەیەک دەوامی نەکردووە، چونکە مامۆستایانی وانەبێژ و میلاکیش بایکۆتی دەوامیان کردووە".
 
لەبارەی داواکەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە و مەرجی گەڕانەوەی مامۆستایان لەو ناوچانە، کارۆخ عەبدوڵلا گوتی، داواکانی ئەوان ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وانەبێژییەوە بیانکات بە گرێبەست بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن و گوتیشی، "مامۆستایانی میلاکیش بۆ گەڕانەوە، داوای خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول پێکەوە دەکەن".
 
لە 25ـی ئەیلوولەوە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تاوەکو 8ـی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت، ئەوەش بە هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.