رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو دەنگدانی گشتی و تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا رایگەیاند: "هەوڵدەدەین لەو دوو رۆژەدا ( دەنگدانی گشتی و تایبەت) کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابین بکەین.''
رۆژی دووشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2025، فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێکی زۆری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بوون لە پڕۆژەی رووناکی کە کارەبای 24 کاژێری دابین دەکات، ئەو شوێنانە کێشەیان نابێت بۆ رۆژانی دەنگدانیش، بەڵام ئەو شوێنانەی پڕۆژەی رووناکی نەگەیشتووەتێ، هەموو هەوڵێک دەدرێت تاوەکو ئەو دوو رۆژە 24 کاژێر کارەبایان هەبێت."
بە گوتەی فارس میرخان، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە، ئەگەر کێشەی تەکنیکی روونەدات، هەموو شوێنەکان بەردەوام کارەبایان دەبێت لە رۆژانی هەڵبژاردندا.
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: "ئەم وەرزە بۆ بەرهەمی کارەبا باشە و گوشار لەسەر تۆڕەکانی کارەبا نییە، ئێستا خەڵک کەمتر کارەبا بەکاردەهێنن و لە رۆژانی ئاساییدا 18 کاژێر کارەبا هەیە، بۆیە پڕۆسەکە لەڕووی دابینکردنی کارەباوە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت."
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "بەشێکی زۆری سلێمانی سوودمەند بووە لە پڕۆژەی رووناکی، بەڵام هەوڵ دەدەین لە رۆژانی دەنگدان 100٪ـی کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو ناوچەکە دابین بکەین، بەتایبەتی ئەوانەی بنکەکانی دەنگدانی لێیە، هیچ نەبێت لە کاژێر 07:00ی بەیانی بۆ 18:00 کارەبایان بۆ دابین دەکرێت.''
سەرەڕای ئەو هەوڵانە لە سلێمانی، بەڵام وەکو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت: "هەموو موەلیدەکان لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ دابینکردنی کارەبا ئەگەر نەتوانرا کارەبای نیشتمانی بدرێتە ئەو بنکانە.''
لە رۆژانی ئاساییدا لە هەرێمی کوردستان 4200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، بەپێی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کارەبا ملیۆنێک و 131 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان سوودمەندبوون لە پڕۆژەی رووناکی، زۆرترین لە هەولێر و کەمترینیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ