کوردستان
پۆستەری بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، داوای لە حیزب و بەربژێرە سیاسییەکان دەکات، دوای هەڵبژاردن پۆستەر و فلێکسەکانیان ببەخشن، تاوەکو بۆ هۆشیاریی ژینگەیی لەسەر شەقامەکان بەکاربهێنرێنەوە بهێنێتەوە.
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و بڕیارە رۆژی 08-11-2025 بانگەشە کۆتایی بێت. لیست و هاوپەیمانییەتی و بەربژێرە سەربەخۆکان پاش پێنج هەفتە بانگەشە، دەچنە نێو رکابەریی کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک لە دەنگدانی گشتی و تایبەتدا.
وەزارەتی ژینگەی عێراق رۆژی دووشەممە بە رووداوی راگەیاند:"رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان واژۆکردووە، بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و گۆڕینیان بۆ تابلۆی هۆشیاریی ژینگەیی."
لە کاتی بانگەشەدا، لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان شەقام و شوێنەکان پڕ بوون لە پۆستەر و فلێکسی حیزبەکان،ئەم رێککەوتنەی ژینگە و کۆمسیۆن وەکو پاڵپشتییەکە بۆ هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی ژینگە.
دەستەی ژینگە: ئەگەر حیزبەکانی کوردستان فلێکسەکانیان ببەخشن، بەکاریان دەهێنینەوە
لە عێراق رێککەوتن کراوە کە دوای کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەو پۆستەر و کەرەستانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەکارهاتوون، دووبارە بەکاربهێنرێنەوە و بکرێنە تابلۆی هۆشیاریی ژینگەیی، بەجۆرێک زۆرترین سوود لەو کەرەستانە وەربگیرێت شیاوی دووبارە بەکارهێنانەوەن.
رۆژی دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشوازی لەم رێککەوتنە دەکەین و ئەمە لە بەرژەوەندیی ژینگەیە، هەوڵدەدەین هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ کۆمیسیۆن و وەزارەتی ژینگەی عێراق بکەین، چونکە بڕیارەکە بۆ هەموو عێراقە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؛ لە هەمووی گرنگتر لە بەرژەوەندی ژینگەیە".
گوتەبێژی دەستەی ژینگە داوای لە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەکات پۆستەرەکانیان ببەخشن، تاوەکو ئەوان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانییەکان بتوانن دووبارە سوودی لێ ببینن و بەکاری بهێنن؛ هۆشیاریی ژینگەیی لەسەر بنووسن و لەسەر شەقامەکان لە شوێنی گونجاودا دایانبنێن.
وەزارەتی ژینگەی عێراق: بۆ ئەم هەنگاوە هاوکاریی هەرێمی کوردستانیش دەکەین
ئەمیر حەسوون، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندنی ژینگەیی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بە رووداوی راگەیاند:"پێمان خۆشە هەمان هەنگاو لە هەرێمی کوردستانیش دەستپێبکرێت، ئێمەش لە وەزارەتی ژینگە ئامادە دەبین بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵیاندا."
بەپێی رێککەوتنەکە، بەشێک لەو پۆستەر و کەرەستانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەکارهاتوون، دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە و دەکرێنە تابلۆی هۆشیاریی ژینگەیی و لە شەقامەکانی پارێزگاکاندا دادەنرێن.
لە عێراق بەشێک لە حیزبەکان رەزامەندییان داوە لەسەر ئەستۆی خۆیان پۆستەرەکان بگۆڕن بۆ تابلۆی هۆشیاریی ژینگەیی، بەشێکی دیکەشیان پێیان باشە وەزارەتی ژینگە کارەکە بکات و ئەوان تێچووەکەی لە ئەستۆ بگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ