سەندیکای کرێکاران لە گەرمیان: چەند بەرپرسێک مامەڵە بە زەویی کرێکارانەوە دەکەن

03-12-2024
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەکانی خانووبەرە لە کەلار ئاگادار دەکرێنەوە کە هیچ مامەڵەیەک بە بەشی فراوانکردنی پڕۆژەی بان ستی - بامۆکەوە نەکەن. سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت: "چەند بەرپرسێک موڵکی کرێکاران دەفرۆشن."
 
لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران سەرجەم نووسینگەکانی خانووبەرەی لە کەلار ئاگادار کردووەتەوە، کە مامەڵە بە فراوانبوونی پڕۆژەی بان ستی - بامۆکەوە نەکەن؛ "چونکە ئەو پڕۆژەیە موڵکی توێژی کرێکارانە و کۆمپانیا ناتوانێت مامەڵەی پێوە بکات."
 
رۆژی سێشەممە، 3ی 12ی 2024 عەدنان محەممەد مارف، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران بە رووداوی گوت: "بە مەبەستی فراوانکردنی پڕۆژەی بان ستی، بە هاوبەشی لەگەڵ سەندیکای ئەندازیاران داوامان کرد زەوی بە ئەو کرێکار و ئەندازیارانە بدرێت کە سوودمەند نەبوون؛ نزیکەی 200 پارچە زەوی تەرخانکرا. بەڵام تاوەکو ئێستا دابەش نەکراون."
 
پڕۆژەی بان ستی – بامۆک، دەکەوێتە بەرزاییەکانی بەردەسوور لە شاری کەلار؛ سەرەتا 810 یەکە بەپێی رێکاری یاسایی و تیروپشک بەسەر کرێکار و ئەندازیاراندا دابەش کرا.
 
بە گوتەی سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران، پڕۆژە کۆنەکەی بان ستی هەندێ خزمەتگوزاری مابوو وەک قوتابخانە، دایەنگە و بنکەی ئاگرکوژێنەوە؛ داوایان کرد ئەم پڕۆژەیە نوێ بکرێتەوە. نووسراوێکیان بۆ ئیدارەی گەرمیان کرد. ئەوانیش رەزامەند بوون.
 
عەدنان محەممەد گوتی: "ئێستا هەندێک کۆمپانیا بە پشتیوانی هەندێک کەس پەیدا بوون و مامەڵە بەو زەوییانەوە دەکەن کە بڕیاردراوە بدرێتە کرێکاران و ئەندازیاران."
 
لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت: "تێبینیمان کردووە هەندێک لە نووسینگەکانی خانووبەرە، زەوی بێت یان خانوو، پڕوپاگەندەی فرۆشتنی بۆ دەکەن؛ بۆیە هەر مامەڵەکردنێک تووشی رێکاری یاسایی دەبنەوە و ئەوەی مامەڵەی پێوە بکات، زەرەرمەند دەبێت."
 
پێشتر چەند جارێکی دیکە خەڵک و نووسینگەکانی ناوچەکە ئاگادار کراونەتەوە، نابێ مامەڵە بەو زەویانە بکەن.
 
هێمن محەممەد، خاوەن نووسینگەی ماردین لە کەلار بە رووداوی گوت: "کۆمپانیای ئایندەی بامۆک خۆی بنکەی فەرمییان هەیە و دەیفرۆشێتەوە. بە ئێمەیشی داوە وەک نووسینگە بۆیان بفرۆشینەوە و نووسینگانەیان لێ وەردەگرین."
 
ئەو خاوەن نووسینگەیە دەشڵێت، "زەوییەکان 200 مەترە، نرخی هەر زەوییەک لە نێوان 40 هەزار دۆلار بۆ 55 هەزار دۆلارە. خانووەکانیش هەر 200 مەترن؛ یەک نهۆم و دوو نهۆمی هەن. نرخی خانووی یەک نهۆمی بە 80 هەزار دۆلارە و دوو نهۆمیش بە 120 هەزار دۆلارە."
 
خاوەن نووسینگەی ماردین روونیکردەوە، ئەو یەکانە بە شێوازی کاش و قیستیش دەفرۆشرێن. هەیانە بە یەک دوو قۆناخ و بە شەش مانگ تەواو دەبێت؛ هەشیانە بە دوو ساڵ تەواو دەبێت. ئەو کەسەی بە کاشیش بکڕێت، نرخەکەی هەرزانترە.
 
عەدنان محەممەد مارف، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای یەکێتیی کرێکاران گوتی: "چەند جارێک کۆبووینەوە و قسەمان لەسەر کردووە. ئێمە بەرگریی لە موڵکی خەڵک و کرێکار دەکەین. بە هیچ جۆرێک سازش ناکەین." 
 
سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای یەکێتیی کرێکاران گوتیشی: "ئەو چەند بەرپرسە دەیانەوێت بە شێوەی بازرگانی بۆ خۆیان بیفرۆشن. خەڵک بە زەوی بیەوێت یان بیەوێت بۆی بکەنە خانوو، ئەو کۆمپانیایانە بۆی دروست دەکەن و پێی دەفرۆشن. هاوکات ئەو خانوو و زەوییانە تائێستا ماستەر پلانیان نییە؛ رێکاری یاسایی و ئیداریشی تەواو نەبووە. بەشێکیان کشتوکاڵین."
 
بە گوتەی عەدنان محەممەد مارف حکومەت لەسەر نووسراوی سەندیکای کرێکاران و ئەندازیاران بڕیاریداوە ئەمە بۆ توێژی کرێکاران تەرخان بکرێت، نەدراوە بە هیچ کۆمپانیایەک. هێشتا نرخ و رێکخستنی زەوی و خانووەکان دانەنراوە، ئەوان دەیفرۆشن. ئەگەر دەست هەڵنەگرن، بابەتەکە دەیگەیێنینە دادگە و خۆپێشاندانیش دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژینگەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئاستی پیسیی هەوای شارەکەی گەیشتووەتە 161 پلە.

هەوای ورمێ "بۆ هەموو کەسێک" مەترسیدارە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایدەگەیێنێت، بۆ دووەمین رۆژ لەسەریەک هەوای شاری ورمێ لە دۆخی "ناتەندروست"ـدایە و ئاستی پیسییەکەی گەیشتووەتە 161 پلە. دەشڵێت، دۆخەکە بۆ هەموو توێژەکان مەترسیدارە.