رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر 1500 کەرەستەی جوانکاری دەستیان بەسەردا گیرا، لە سۆشیاڵ میدیا لەلایەن هەندێک ریکلامیان بۆ دەکرا، رێکاریش بەرامبەر ئەو "تیکتۆکچی" و هونەرمەندانەوە دەگیرێتەبەر لە سۆشیاڵ میدیا ریکلام بۆ ئەو بەرهەمانە دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2025، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵمەتی گەڕانمان بۆ ئەو شوێنانە دەستپێکردووە پێداویستیی جوانکاری دەفرۆشن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن تیکتۆکچی و هونەرمەندانەوە رێکلامیان بۆ دەکرێت. لە ئەنجامی گەڕانەکانماندا بۆمان دەرکەوت بەشێکی زۆریان نایاسایین".
ئەو بەرهەمانەی دەستیان بەسەرداگیراوە نێردراون بۆ پشکنینی کوالێتی کۆنترۆڵ و دەرنەچوون، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێت: "1500 جۆر کرێمی دەموچاو بوون، لەو کرێمانەی کە زۆر رێکلامیان بۆ دەکرێت و بەربڵاون، وەکو Moon Shine، Just For You، Face Queen و چەندین جۆری دیکە".
چاودێریی بازرگانیی هەولێر هەروەها پێنج شوێنیشی داخستوون و 10 شوێنی دیکەش کە ئەو بەرهەمانەیان تێدا دەفرۆشرا سزادراون.
بازرگانیی هەولێر نووسراوی بۆ وەزارەتی رۆشنبیری کردووە، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هونەرمەندانە بگرێتەبەر رێکلام بۆ ئەو جۆرە کرێم و کەرەستانە دەکەن".
ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئاگاداری بابەتەکەین و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە، چونکە بابەتێکی مەترسیدارە و پەیوەندیی بە تەندروستیی هەموو خەڵکەوە هەیە".
وەزارەتی رۆشنبیری لەگەڵ داواکاری گشتی لەسەر هێڵن تاوەکو سکاڵا لەسەر ئەو هونەرمەندانە تۆمار بکرێت، دەلێت: "بەڵگەمان دەستکەوتووە" رێکلام بۆ مادەی ناتەندروست دەکەن، بۆیە دەدرێنە دادگە و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ