رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە رایدەگەیێنێت، نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی داوای سیستمی بەرگریی لە ئەمریکا کردووە و واشنتنیش وەڵامی ئەرێنی هەبووە. دەشڵێت، دروستکردنی گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا لە هەولێر، پەیامێکی روونی پابەندبوونی سیاسی و ئەمنیی ئەو وڵاتەیە بە هەرێمی کوردستانەوە.
فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن کرد.
سەبارەت بە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و هەڕەشە ئەمنییەکان، فەلاح مستەفا ئاشکرای کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی ئەمریکا کردووە بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگری.
فەلاح مستەفا بە رووداوی گوت: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای سیستمی بەرگریی لە ئەمریکا کردووە، واشنتن وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و رایانگەیاندووە کە هەوڵدەدەن ئەو سیستمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن."
بە بڕوای یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگیرکردنی ئەو سیستمە "لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە."
ئەو داواکارییەی نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرایە ئامانج بەوهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە وەستا و 80٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستانیش کەم بووەوە.
سەبارەت بە کردنەوەی باڵەخانە نوێیەکەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، کە بە گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، فەلاح مستەفا وەک ئاماژەیەکی ستراتیژی لێکی دایەوە.
فەلاح مستەفا گوتی: "دروستکردنی تەلارێک بەو قەبارەیە و بەپێی ستانداردە تایبەتەکانی خۆیان، تەنیا باڵەخانەیەک نییە، بەڵکو خۆی لە خۆیدا پەیامێکی روونی پابەندبوونی درێژخایەنی ئەمریکایە بە هەرێمی کوردستان و عێراق."
بە گوتەی فەلاح مستەفا، گواستنەوە لە باڵەخانەیەکی بچووکەوە بۆ دامەزراوەیەکی وا گەورە، مانای ئەوەیە "ئەمریکا پلانی هەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن وەک بەشێک لە هاوکێشەی سەقامگیری لەم ناوچەیەدا بمێنێتەوە."
باڵەخانە نوێیەکەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە کرایەوە، گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکایە لە جیهاندا تێچووەکەی گەیشتووەتە 796.1 ملیۆن دۆلار و لەسەر رووبەری 202 هەزار مەتر و 350 مەتر دووجا دروستکراوە.
پەیوەندییەکان لە ساڵی 91ـەوە تاوەکو ئێستا
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتنی بە "ستراتیژی و مێژوویی" وەسف کرد و گوتی: "پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی 1991ـەوە بە چەندین قۆناخدا تێپەڕیوە؛ ئێمە هاوبەش و هاوپەیمان بووینە و سەرەڕای بەرز و نزمییەکان، ئەم پەیوەندییە بەردەوامی هەبووە."
فەلاح مستەفا جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە خاڵی هاوبەشی زۆر هەن کە هەردوولا بەیەکەوە گرێ دەدەن، لەوانە: "پرسی سەقامگیری لە ناوچەکە، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندوتیژی و پاراستنی ئاسایش."
ئەو دەڵێت، لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر و بەهێز جێگیر کراوە و "ئەوان نایانەوێت دەست لە عێراق هەڵبگرن بەبێ ئەوەی بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی، هەرێمی کوردستانیش وەک چیرۆکی سەرکەوتن و هاوبەشێکی کارا لەم پرۆسەیەدا دەبینن."
پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی و واشنتن
فەلاح مستەفا ئاماژەی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا.
فەلاح مستەفا گوتی: "پەیوەندییەکان زۆر باشن و تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەی کۆشکی سپیدا هەیە."
هەروەها دڵنیایی دا کە بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کێ لە دەسەڵاتە، "دۆستایەتی بۆ کورد لەناو کۆنگرێس، پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهێز و بەردەوامە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ