رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 160 کۆمپانیای ئەمریکی و نزیکەی 160 رێکخراوی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستانن، کە زۆربەیان لە سنووری هەولێر چالاکن. کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی ئەمریکاش بە "پەیامی مانەوەی درێژخایەن و پابەندبوونی واشنتن بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق" هەژمار دەکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە گەورەترین باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی خۆی لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردەوە، باڵەخانە نوێیەکە تێچووەکەی 796 ملیۆن دۆلارە و پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 50 هێکتار زەوی لەسەر رێگای پیرمام دروستکراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "کۆمەڵگە دیپلۆماسییە نوێیەکە بەگوێرەی نوێترین ستانداردەکانی ئاسایش و ژینگە دیزاین کراوە و توانای خۆژێنی لە دابینکردنی وزە و ئاودا هەیە."
تایبەتمەندییەکانی کۆنسووڵخانە نوێیەکە
بە گوێرەی "خزمەتی هەواڵ" کە خزمەتگوزارییەکی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کۆنسووڵخانەکە بەهێزی کاری 1200 کارمەند (لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئەمریکی و وڵاتی سێیەم) بەڕێوەدەچێت.
سیستمی ئاوەڕۆ و وزەی تەلارەکە دۆستی ژینگەیە و توانای بەرگەگرتنی رووداوە سرووشتییەکانی هەیە.
پەیوەندیی بازرگانی و رێکخراوەیی
بەهۆی سەقامگیریی دۆخی ئەمنی، هەرێمی کوردستان بووەتە ناوچەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکی. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، ئاسانکاری زۆری بۆ کۆمپانیاکان کردووە.
تاوەکو ئێستا 167 کۆمپانیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. هەروەها 433 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی راستەوخۆ و هاوبەش لە کەرتەکانی بازرگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و نیشتەجێبوون کراوە.
لە ئایاری ئەمساڵدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دوو گرێبەستی گەورەی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای HKN Energy و Western Zagrosی ئەمریکی واژۆ کردووە، کە بەهاکەیان دەگاتە 110 ملیار دۆلار.
جگە لە پەیوەندیی سیاسی و سەربازی، ئەمریکا لە رێگەی رێکخراوە ناحکومییەکانەوە ئامادەیی بەهێزی هەیە. ئێستا 157 رێکخراوی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن کە زۆرینەیان (114 رێکخراو) لە هەولێرن، ئەوانی دیکە لە سلێمانی، دهۆک و ناوچەکانی دیکە دابەشبوون و لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، دیموکراسی و گەشەپێدانی مرۆییدا خزمەت دەکەن.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بە چەندین قۆناخی مێژووییدا تێپەڕیوە؛ لە بڕیاری 688 و ناوچەی دژەفڕین لە 1991ـەوە دەستپێدەکات، بە پرۆسەی ئازادیی عێراق لە 2003 و کردنەوەی نووسینگەی دیپلۆماسی لە 2007 تێدەپەڕێت، تاوەکو دەگاتە شەڕی داعش لە 2014 کە ئەمریکا یەکەم وڵات بوو بەدەم داواکەی هەولێرەوە هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ