رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی ئاساییبوونەوە و فراوانکردنی گەشتەکاندا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێڵێکی دیکەی ئاسمانیی تورکیا گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێکردەوە. ئاشکراشی دەکات، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە گەشتەکانی ئەوروپا دەستپێدەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025، رێباز محەممەد، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی فراوانکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (هێڵی ئاسمانیی ئەی جێت) دەستی بە گەشتەکانی کردەوە.
بە گوتەی رێباز محەممەد، بەگوێرەی خشتەی هەفتانە، هێڵی ئاسمانیی ئەی جێتی تورکی چوار گەشتی "ئیستەنبووڵ - سلێمانی - ئیستەنبووڵ"ـی دەبێت. بەمەش کۆی گەشتەکانی هێڵە تورکییەکان (تورکیش ئێیرلاین و ئەی جێت) هەفتانە دەبنە هەشت گەشت.
ئێستا حەوت هێڵی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکە کار دەکەن، ئەوانیش (تورکیش ئێیرلاین، قەتەرییە، فڵای دوبەی، عێراقییە، رۆیال جۆردنی، ماهان ئێیر و ئەی جێت)ـن، رێباز ئەحمەد گوتی: "هەفتانە نزیکەی 32 گەشتی چوون و هاتنمان هەیە."
رێباز محەممەد ئاماژەی بەوەدا پلانەکانیان بۆ فراوانکردنی گەشتەکان بەردەوامە و گوتی: "لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا گەشتەکانمان بۆ ئەورووپا دەستپێدەکەنەوە و سەرەتا بە (ئێیرلاینی کۆندۆر) دەستپێدەکەین."
لەبارەی هێڵەکانی دیکەشەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە گوتی: "لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتی کیشمان دەبێت؛ کۆتایی ئەم مانگەش هێڵی ئاسمانیی پێگاسۆس دەگەڕێتەوە."
هەروەها ئاشکرای کرد کە لەگەڵ (ماهان ئێیرلاین) لە گفتوگۆ و هەوڵدان بۆ ئەوەی "گەشتی راستەوخۆ بۆ کرماشان و باکووری ئێران دەستپێبکەین."
تورکیا لە 3ی نیسانی 2023 بە پاساوی ئەمنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست. رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025، لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە رەزامەندیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەکە هەڵگیرا.
دوای هەڵگرتنی گەمارۆکە، رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2025، یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێیەرلاینز بە 120 گەشتیارەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی نیشتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ