باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کارمەندی 7 وەزارەت و ئاژانسی ئەو وڵاتە لەخۆدەگرێت

03-12-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، تێچووی پرۆژەی دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەولێر 796.1 ملیۆن دۆلارە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەنێو باڵەخانە نوێیەکەدا 7 ئاژانس و وەزارەتی ئەمریکی کارمەندیان دەبێت و کاری تێدا دەکەن.
 
کونسووڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا لە 6ی تەممووزی 2018 بەردی بناخەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان و دوگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەو کاتی ئەمریکا لە بەغدا دانرا.
 
 
13ی ئایاری ئەم ساڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی باڵەخانەکەی کرد و لەلایەن ستیڤن بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەو کاتی ئەمریکاوە پێشوازی لێکرا و بەشەکانی باڵەخانەکەیان بەسەرکردەوە.
 
باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەکە کە بە پرۆژەی (NCC) ناسراوە، لەسەر رووبەرێکی 50 دۆنم زەوی دروستکراوە. شوێنی پرۆژەکە دەکەوێتە دووریی نزیکەی 8.1 میل (13 کیلۆمەتر) لە باکووری رۆژهەڵاتی سەنتەری شاری هەولێر. بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و واشنتن، ئەم زەوییە بێ بەرامبەر بۆ ئەمریکا تەرخان کراوە. ئەم هەنگاوە وایکردووە کە هیچ خەرجییەکی زیادە بۆ بەدەستهێنانی زەوی نەیەتە سەر بودجەی گشتیی پرۆژەکە، کە ئەوەش یارمەتیدەر بووە لە کۆنترۆڵکردنی تێچوو.
 
وردەکاریی تێچووی پڕۆژەکە
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا وردەکاریی تێچووی پڕۆژەکە بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:
 
دروستکردنی سەرەکی: 422.47 ملیۆن دۆلار کە کاری بیناسازیی سەرەکیی باڵەخانەکان و ژێرخانی بنەڕەتی دەگرێتەوە.
 
دیزاین و ئەندازیاری: 39.03 ملیۆن دۆلار کە خەرجییەکانی نەخشەسازی و دیزاینی وردی تەلارسازی و ئەندازیاری لەخۆدەگرێ.
 
بودجەی یەدەگی دروستکردن: 91.04 ملیۆن دۆلار کە وەک پارەیەکی یەدەگ بۆ هەر گۆڕانکارییەک یان کێشەیەکی پێشبینینەکراو لە قۆناخی دروستکردندا دانراوە.
 
دروستکردنی ناسەرەکی: 63.72 ملیۆن دۆلار کە کاری دیکەی وەکو پەرژین، رێگەوبانی نێوخۆیی و ئامادەکارییەکانی دیکەی شوێنەکە دەگرێتەوە.
 
سەرپەرشتیی پرۆژە: 60.23 ملیۆن دۆلار بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی رۆژانەی کارەکان لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی دەرەوە.
 
بەڕێوەبردنی ئەمنی: 74.31 ملیۆن دۆلار،کە خەرجییەکانی دابینکردنی ئاسایشی شوێنی پرۆژەکە لە قۆناخی دروستکردندا لەخۆدەگرێ.
 
کەلوپەل و کاری تەکنیکی: 8.43 ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نێو باڵەخانەکان و رازاندنەوەی بەرهەمە تەکنیکییەکان.
 
یەدەگی بەڕێوەبردن: 36.84 ملیۆن دۆلار.
 
لە راپۆرتەکە ئاماژە بەوە کراوە، یه‌ده‌گی بەڕێوەبردنەکە رەنگدانەوەی ئەو پاشەکەوتەیە کە لە ئەنجامی پێدانی گرێبەستی دروستکردنەکە بە نرخێکی کەمتر لە خەمڵاندنەکانی پێشوو بەدەستهاتووە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەگەر لە کۆتاییدا پێویست بە بەکارهێنانی ئەم بڕە پارە یەدەگە نەکات، ئەوا دوای ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس، دەکرێ بۆ پرۆژەی دیپلۆماسیی دیکە لە شوێنەکانی دیکە جیهان تەرخان بکرێ. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پرۆژەکە لە رێگەی تەرخانکراوەکانی تایبەت بە بیناسازیی ئەمنی (CSCS) و ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییەکانی دەرەوە (OCO) پارەدار دەکرێ و هیچ داهاتێک لە فرۆشتنی موڵکەوە بۆ ئەم پرۆژەیە بەکارناهێنرێ.
 
پێداچوونەوەی ئەندازیاری و دواکەوتنەکان
 
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی پرۆژەکە، پێداچوونەوەیەکی ئەندازیاریی ورد ئەنجامدراوە کە 30 پێشنیازی لێکەوتووەتەوە. لەم ژمارەیە، 9 پێشنیاز بە تەواوی یان بەشێکیان قبووڵ کراون. 
 
بەپێی خەمڵاندنەکان، چاوەڕوان دەکرێ جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکارییانە ببێتەهۆی پاشەکەوتکردنی نزیکەی 3.8 ملیۆن دۆلار لە تێچووی کارپێکردن و چاککردنەوە لە ماوەی تەمەنی پرۆژەکەدا.
 
راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، هیچ پێداویستییەکی تەکنیکیی ئاڵۆز یان تایبەتی نییە، هەرچەندە لە رووی ژینگەیی و سیاسییەوە رووبەڕووی هەندێک ئاڵنگاری بووەتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، خشتەی کاتیی پرۆژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەوتە ژێر کاریگەریی پەتای کۆڤید-19 کە بووە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکار و پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی کەرەستە. هاوکات، بارانبارینی نائاسایی و بەخوڕ لە هەندێک وەرزی ساڵدا کارەکانی خاوکردەوە. ئەم هۆکارانە وایانکرد وادەی سەرەتایی بۆ تەواوبوونی پرۆژەکە کە بۆ 11ی نیسانی 2022 دانرابوو، دوابکەوێ.
 
دواکەوتنێکی دیکەی بەرچاو لە 20ی تشرینی یەکەمی 2023 روویدا، کاتێک ئەرکی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە عێراق خرایە دۆخی "فەرمانی رۆیشتن"ـەوە بەهۆی زیادبوونی گرژییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا. لە ئەنجامدا لە 23ی تشرینی یەکەمدا کارەکان بەشێوەیەکی کاتی راگیران و نزیکەی سەرجەم کرێکارانی بیانی ناسراو بە کرێکارانی وڵاتانی سێیەم یان  (TCN) لە شوێنی پرۆژەکە گوێزرانەوە.
 
راگرتنی کارەکان تاوەکو 9ی شوباتی 2024 بەردەوام بوو، پاشان رێگە بە بەڵێندەران درا دەستبەکاربنەوە. ئەم وەستانە بووەهۆی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بۆ 109 رۆژی دیکە. 
 
کارمەندان و پێکهاتەی باڵەخانەکە
 
باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی نوێی ئەمریکا هەولێر دیزاین کراوە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی گرنگ و پشتگیریی ئامادەبوونی فراوانی دامەزراوەکانی حکومەتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بکات. لەنێو ئەو ئاژانس و وەزارەتانەی کە کارمەندیان لەم باڵەخانەیەدا جێگیر دەبێت بریتین لە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری، ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، وەزارەتی داد، نووسینگەی تایبەت بە کاروباری پەنابەر و ئاوارەکان، نووسینگەی کاروباری هەرێمی و وەزارەتی بازرگانی. 
 
پلانی سەرەتایی کە لە ساڵی 2015 داڕێژرابوو، قەبارەی کارمەندانی لە 174 کەسەوە بۆ 188 دێسکی کارکردن زیاد کرد. ئەم ژمارەیە بەم شێوەیە دابەش بووە: 102 دێسکی کارکردن بۆ کارمەندانی ئەمریکی، 83 دێسکی کارکردن بۆ کارمەندانی خۆجێیی و 3 دێسکی کارکردن بۆ ئەندامانی خێزانی ئەو کارمەندانەی کە شایستەی کارکردن. 
 
باڵەخانە نوێیەکە جگە لە ئۆفیسەکان، چەندین یەکەی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریی دیکە لەخۆدەگرن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کارمەندان و خێزانەکانیان، لەوانە 150 قەرەوێڵە لە 104 یەکەی نیشتەجێبووندا کە لە شێوەی شوقە و تاونهاوسدان بۆ کارمەندان و خێزانەکانیان، هەروەها 30 قەرەوێڵە لە 25 یەکەی نیشتەجێبوونی کاتیدا کە شێوازی هۆتێلیان هەیە، بۆ ئەو کارمەندانەی بۆ ئەرکی کورتخایەن سەردان دەکەن و 15 قەرەوێڵە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی پاسەوانانی مارێنزی ئەمنی (Marine Security Guard Residence)، کە جێگەی دەستەیەکی 12 کەسی و کارمەندانی دیکەی ئەرکی کاتی دەکاتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئاسایشی دیپلۆماسی، بەهۆی گۆڕانی رەوشی ئەمنییەوە داوای دێسکی زیاتری کردووە. گۆڕانکارییەکی دیکەش چاوەڕوانکراوە بۆ رێکخستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی پێرسۆنێلەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.