رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، سبەی لە سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان هەروەها پەیمانگەکانی سنووری پەروەردەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پشووی فەرمییە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران درەنگانی ئەمشەو، (یەکشەممە، 4-2-2024) رایگەیاند "بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و ئەگەری دروستبوونی شەختە بەتایبەتی لە بەشێکی سنوورەکەمان، بڕیارمان دا بە پشووی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەکانی حکومی و ناحکومی و، پەیمانگەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بۆ سبەی دووشەممە."
پشووەکە لەکاتێکدایە، ئەمشەو بەهۆی بەفربارینی بەردەوام کە لەدوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە بەردەوام بوو، لە چیای حەسەن بەگ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 40 پاسی گەشتیاران گیریان خوارد کە 900 گەشتیاریان تێدابوو. دوای هەوڵی تیمەکانی ئیدارەکە بۆ کردنەوەی رێگەکە، دەوروبەری کاژێر 09:00ـی ئەمشەو، رێگەکە کرایەوە و سەرجەمیان رزگارکران.
ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنی پلەی گەرما نزیکەی چوار پلە دابەزی و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام بوو.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەپۆلی بارانبارینی ئەمڕۆ و سبەی کاریگەریی زیاتری لەسەر سنووری سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ