ئەرشەد ساڵحی: بایکۆتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هیچ ئەنجامێکی نابێت

05-02-2025
شیراز رەئوف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "گەڕانەوەی زەوییە داگیرکراوەکانی کورد و تورکمان لە کەرکووک رەهەندێکی نەتەوەیی گرنگی هەیە، ئەگەرچی یاساکە نادادپەروەریی تێدایە، بەڵام هەوڵێکە بە ئاراستەی راستکردنەوەی دیمۆگرافیای شێوێندراوی کەرکووک." باس لە دۆخی کەرکووکیش دەکات و پێیوایە، بایکۆتکردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەلایەن تورکمانەوە بە زیانی نەتەوەکەی شکاوەتەوە و هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات.
 
ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە سیاسەتڤانانی دیاری تورکمان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "لە ساڵی 2003 و لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ گەڕانەوەی زەوییە داگیرکراوەکانی کورد و تورکمان لە کەرکووک. چەندجارێک ئەم بابەتە هێندراوەتە پێشەوە بە رێکاری جیاواز، بەڵام هەموو جارێک سوننە و بەشێکیش لە شیعەکان وەکو پاڵپشتیی نەتەوەیی عەرەب ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرد، تاوەکو سەرئەنجام بەم پرۆژەیاسایە گەیشت و لە پەرلەمان پەسند کرا، کە زەوییە داگیرکراوەکانی کورد و تورکمان لە کەرکووک و تەنانەت زەویی داگیرکراوی چەند گوندێکی عەرەبی شیعە لە دەوروبەری لەیلان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان."
 
گوتیشی، "ئەم پرۆژەیاسایە لەبارەی گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان تەنیا پرۆژەیاسای کورد نییە وەکو ئەوەی هەندێک لایەن وێنای دەکەن، چونکە لە یاساکە کورد و تورکمان و بەشێک لە عەرەبەکانی دەوروبەری کەرکووکیش سوودمەند دەبن، وێڕای تێبینیی زۆرمان لەسەر نێوەڕۆکی یاساکە، پێمانوایە نادادپەروەریی تێدایە."
 
"ئەم پرۆژەیە کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردرابوو بۆ پەرلەمان، نادادپەروەریی تێدایە، بەوپێیەی خاوەنی بەشێک لەو زەوییانەی کە زەوییەکانیان بۆ خزمەتی گشتی بەکارهێندراون، یان وەزارەتەکانی نەوت و بەرگریی بەکاریانهێناون، قەرەبوو دەکرێنەوە بە هەمان ئەو پێوەرەی پێشتر دەستەی موڵکداریی عێراق دەستنیشانی کردبوو بۆ قەرەبوو و کورد و تورکمان ئەو بڕە قەرەبووەیان رەتکردەوە،" ئەرشەد ساڵحی وای گوت.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "رژێمی بەعس پێشتر بەهای هەر مەترێک زەویی داگیرکراوی کورد و تورکمانی بە دوو دینار و نیو خەمڵاندبوو، کاتێکیش کورد و تورکمان وەرگرتنی ئەو قەرەبووەیان رەتکردەوە، رژێم بۆ شەرعییەتدان بە داگیرکارییەکە ئەو بڕە پارەیەی لە بانک بۆ دانان، لەم یاسا نوێیەشدا بە هەمان میکانیزم باس لە قەرەبوو کراوە، هەربۆیە قەرەبووەکە نادادپەروەرانەیە."
 
"بایکۆت زیانی پێگەیاندووین"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، ئەرشەد ساڵحی باسی لە دۆخی کەرکووک و بایکۆتکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کرد لەلایەن بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و بە زیان بۆ نەتەوەی تورکمان ناوی هێنا.
 
ساڵحی دەڵێت، "هیچکات بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق ئەنجامی نییە، لە ساڵی 2004 سوننە بایکۆتی پرۆسەی سیاسی و نووسینەوەی دەستووری عێراقی کرد، سەرئەنجام دەستوورەکەش تێپەڕی و لەو ساڵەشەوە تاوەکو ئێستا سوننە نەیتوانیوە قەرەبووی ئەو بایکۆتە بکاتەوە و بەردەوام زیانی پێدەگات لە عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی."
 
گوتیشی، "بایکۆتکردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کێشەکان چارەسەر ناکات، پێش 2017ش تورکمان 2 ساڵ بایکۆتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کرد، بەڵام هیچ سوودی نەبوو و بە پێچەوانەوە دەرفەتی رەخساند بۆ باڵادەستبوونی زیاتری کورد لە پارێزگاکە، هەربۆیە ئەمجارەش تورکمان وەکو نەتەوە زیانمەندی یەکەمی بایکۆتکردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە، بەوپییەی عەرەب بەشێک و کوردیش بەشێک لە نوێنەرەکانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگان و داکۆکی لە نەتەوەی خۆیان دەکەن، بەڵام هیچ نوێنەرێکی تورکمان لە ئەنجوومەن نییە و کەس نییە داکۆکی لێبکات."
 
هەر لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە نوێنەرەکەی تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، "کەرکووک بە سازانی سیاسی بەڕێوەدەبرێت نەک بە ژمارەی کورسی و پێویستە کەرکووک بەشێوەی تیم بەڕێوەببرێت نەک پارێزگاری حیزبی، هەربۆیە پێویستە هەرچی زووە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی بگەنە ئەو بڕوایەی رێکبکەون لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و بەشداربن لە ئیدارەدانی کەرکووک و داکۆکیی لە مافی نەتەوەکانی خۆیان."
 
"ناکۆکیی نێوخۆیی بەرەی تورکمانی"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کاتێک پێشکێشکاری بەرنامەکە پرسیاری لە ئەرشەد ساڵحی، سیاسەتڤانی دیاری تورکمان کرد لەبارەی بوونی ناکۆکیی نێوخۆیی لەنێو بەرەی تورکمانی بەتایبەت بوونی ناکۆکی لەگەڵ حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەکە، ساڵحی گوتی، "لەنێو هەموو رەوت و بەرە و حیزبێکی سیاسیی کێبەرکێی سیاسیی هەیە و ئێمەش لە بەرەی تورکمانی بە هەمان شێوە کێبەرکێی سیاسیمان هەیە."
 
گوتیشی، "کێشەی ئێمە کێشەی ئیسلامی سیاسییە لەنێو بەرەی تورکمانی، نەک کێشەی نەتەوەیی، بە راشکاوانە دەڵێم ئێمە لەنێو بەرەی تورکمانی دوو باڵین و راستە من نزیکم لە تورکیا بەڵام بایکۆتی هیچ وڵات و لایەنێکی هەرێمی و ناوچەیی ناکەم و پەیوەندییەکانم لەگەڵ هەمووان دەپارێزم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی رووداوە هاتووچۆکە

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە هەولێر قوتابییەک گیانی لەدەستدا

بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر رێگەی دووسایدی لاوان لە هەولێر، قوتابییەکی تەمەن 18 ساڵان گیانی لەدەستدا.