رووداو دیجیتاڵ
گریانی ژن و پیاوە رەشپۆشەکانی گەرمیانە، هەرجارە و رێگەیەک دەگرنەبەر بۆ ئەو شوێنانەی کەسوکاریان تێیدا زیندانی و ئەنفالکراون، ئەم جارە چوونەتە ناحیەی دوبزی کەرکووک.
رەسمیە مەحموود، کەسوکاری ئەنفال بە رووداوی راگەیاند: "نازانم چۆن ماوم باوکەڕۆ، من دایک و خوشک و کەسوکارم گشتی گیراوە نازانم لەکوێن."
جومعە مەحموود، شایەتحاڵ، بە رووداوی راگەیاند: "وەک خەڵکی دوبز داوای لێبوردن لەو کەسانە دەکەین کە ئەنفال کران لەو منداڵانە هیچمان نەکرد بۆیان نەمانتوانی رزگاریان بکەین."
فاتمە عەلی بەدوای گۆڕی برازاکەی دەگەڕێت. سۆراخی لە حەسەن ئەحمەدی دانیشتووی ناوچەکە دەپرسێت؛ کە ئەو کات گەنجێکی تەمەن 19 ساڵان بووە. شایەتی دەیان چیرۆکی قەت لەبیرنەکراوی ئەنفالکراوانە، دەڵێت، برسێتی تەنگی بە منداڵان هەڵچنیبوو. بەشێوەک تەنیا لە یەک شەو و رۆژدا 25 منداڵی ناشتووە کە لە برسان لە سەربازگەکەی دوبز گیانیان لەدەستداوە.
حەسەن ئەحمەد، شایەتحاڵ بە رووداوی گوت: "یەکێک لەوانە دایکی منداڵەکەی هێنا، گوتی تاوەکو مرد داوای خەیاری دەکرد، یەکێکی دیکە لەو چیرۆکانە ژنێک منداڵەکە دابەدەستمانەوە گوتی ئەوە لە 4 هیچم نەما، ژنێکی دیکە گوتی لە 3 هیچم نەما، ژنێکی دیکە منداڵەکەی تەمەنی نزیکە 11 ساڵ دەبوو رۆشتووەتە نێو گۆڕ. بەزۆر هێنامانە دەرەوە."
کەسوکاری ئەنفال دوای سەردانی گۆڕستانی دوبز و سەربازگەی تۆپزاوا، بۆ داواکردنی رووفاتی ئازیزانیان و دروستکردنی مۆنیومێنت لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک کۆبوونەوە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک بە رووداوی راگەیاند: "گۆڕستانێک هەیە تایبەتە بە پەپوولەکانی ئەنفال لە دوبز بەشێوازێکی جوان دروستی دەکەین، خاڵێکی دیکەش بە مۆنیومێتکردنی سەربازگەی تۆپزاوەیە ئێمە پێشتر قەرارمان لەسەر ئەوە داوە بەڵام رێکارەکانی ماوە."
رژێمی بەعس لەماوەی یەک ساڵ و بە 8 قۆناغدا زیاتر لە 182 هەزار کوردی ئەنفالکرد. 22 ساڵ دوای رووخانی سەدام، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق تەنیا رووفاتی هەزار و 854 ئەنفالکراویان گەڕاندووەتەوە کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ