رووداو دیجیتاڵ
کۆچێکی بەلێشاوی هاونیشتمانیان لە کفرییەوە بۆ کەلار و سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، "بەهۆی ململانێی سیاسیی لایەنەکانی بەشداربووی حکومەتەوە، ئەو ناوچانەی مەترسی بەعەرەبکردنیان لەسەرە پشتگوێخراون."
کۆمەڵەی 'داکۆکیکار لە مافی کفری' دەڵێت، لە ساڵی 2014ـەوە دوو هەزار و 18 خێزان شاری کفرییان جێهێشتووە، ئێستاش بەهەر کۆڵانێکی ئەو شارەدا بچیت، چەند خانوویەک لەسەریان نووسراوە "بۆ فرۆشتن"، بەڵام قایمقامی کفری ئەو ئامارە رەتدەکاتەوە.
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا لەبارەی هۆکاری کۆچی خێزانە کوردەکان، چەند هاونیشتمانییەکی شارەکە دەدوێنێت؛ زۆربەیان نەبوونی هەلی کار بە هۆکاری چۆڵبوونی کفری ناودەبەن.
رۆژی شەممە 4-6-2022 شەماڵ نامیق، قایمقامی کفری میوانی بوولتەنی کاژێر 10ـی رووداو بوو کە سنوور مەجید پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "کفری شارێکی کەمئاوە و لە رووی هەلی کار و کارەوە گرفتی هەیە. هەروەها بەهۆی هەڵکەوتەکەیەوە، لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە وەک ناوچەیەکی سنووری لێهاتووە و کۆمەڵێک کێشە و گرفت بۆ شارەکە دروستبوون، بەتایبەت لە رووی ئاسایشەوە؛ ئەوانە وایانکردووە خەڵکەکەی لە رووی دەروونییەوە ئاسایشیان نەبێت."
قایمقامی کفری دەڵێ، "گەنجانی کفری شایەنی ئەوەن لە شارەکەی خۆیان هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت، نەوەک ئەوەی بۆ پەیداکردنی کار بڕۆن بۆ شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان."
لەبارەی پرۆژەکانی شارەکە، قایمقامی کفری ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە کفری دوو پڕۆژە لە جێبەجێکردندان و دەتوانن ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کار بڕەخسێنن. گوتی، تەنیا پڕۆژەی کارگەی ئاسنەکەی کە خەریکە تەواو بێت، هەلی کار بۆ زیاتر لە هەزار کەس دەڕەخسێنێت.
شەماڵ نامیق بەبێ ئەوەی ئامارێک بخاتەڕوو بۆ کۆچکردنی خێزانەکانی کفری لەو شارە پێیوایە، "ئەو ئامارەی کە باس لە دوو هەزار و 18 خێزان دەکات کە شارەکەیان جێهێشتووە راست نییە و لە ساڵی 2019ـەوە هیچ داتایەک لەوبارەوە لە کفری کۆنەکراوەتەوە"، بەڵام هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەیەک لە کۆچیان کردووە و دەشڵێت، "ئەوانەی خانووەکانیان دەفرۆشن لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەرناچن و لە کەلار یا رزگاری نیشتەجێ دەبن."
هاوڕێ مەلاستار، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان میوانێکی دیکەی بوولتەنەکە بوو و گوتی: حکومەت بەتەواوەتی قەزا و ناحیەکانی فەرامۆش کردووە و سێ لایەنی بەشداربوو لە حکومەت لەوەدا خەمساردن. پارتی هەموو حکومەتی لە قەڵا و شەقامی 150 مەتری کۆکردوەتەوە. یەکێتی حکومەت لە دەرەوەی 60 مەتری سلێمانی نابینێت و گۆڕانیش لە دەوری گردەکە و وەرگرتنی ئیمتیازات حکومەت دەبینێت، بۆیە چۆڵبوونی قەزا و ناحیەکان بەلایانەوە نەبووەتە خەم.
بەگوتەی هاوڕێ مەلا ستار، "دەبوایە حکومەت دەستەیەکی تایبەت بەو ناوچانە هەبووایە کە لەسەر سنوورن و مەترسی چۆڵبوون و بەعەرەبکردنیان لەسەرە، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسییەوە ئەو ناوچانە و مەترسییەکانی سەریان پشتگوێخراون."
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی وەڵامی یاداشتەکانیان کە لەڕێی پەرلەمانەوە ئاراستەی حکومەتیان کردووە، رایدەگەیەنێت، "حکومەت بە شێوەیەک وەڵامی داوەتەوە کە سەرجەم داواکاری و خاڵەکانی نێو یاداشتەکان راستن، بەڵام گوتوویەتی پارە بۆ جێبەجێکردنیان نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ