رووداو دیجیتاڵ
دادگەی سلێمانی سزای تاهەتایی بەسەر پیاوێکدا سەپاند، کە پار بە تۆمەتی کوشتن و سووتاندنی هاوژینەکەی دەستگیرکرابوو، پارێزەری دۆسێیەکە دەڵێ، سزاکە تەمیز دەکەنەوە و داوای لە سێدارەدانی تۆمەتبار دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 4ـی حوەزەیرانی 2023، دادگەی سلێمانی بڕیاری کۆتایی لەبارەی تۆمەتبارانی کوشتنی ژنێکی تەمەن 21 ساڵ بەناوی شنیار هونەر لە شاری سلێمانی دەرکرد.
دوای دانیشتنی دادگەکە، ئاودێر عەلی، پارێزەری کەسوکاری شنیار هونەر ئەو ژنەی ساڵی رابردوو کوژرا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبەردەم دادگەدا گوتی: "هونەر رەشید حەسەن، کە تۆمەتبار بوو بە سووتاندن و کوشتنی شنیار هونەر رەفیقی هاوژینی، بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادرا".
جگە لە هونەر رەشیدی هاوژینی، ئافرەتێکی عەرەب بە ناوی "ئەنوار" بە تۆمەتی هاندانی بکوژ دەستگیرکرابوو، بەگوتەی پارێزەر ئاودێر عەلی، ئەمڕۆ ئافرەتەکە بەبێ تاوان ناسێندراوە و ئازاد کراوە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 19-02-2022 شنیار هونەری 21 ساڵ بە گڕی ئاگرەوە لە ماڵەکەی خۆیەوە هەڵات و هانای بۆ دراوسێکانی برد، تاوەکو ئاگرەکەی جەستەی بکوژێننەوە. دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکەش بە دراوسێکان و خەسووی گوتبوو، "هاوژینەکەم سووتاندمی".
ئەو پارێزەرە گوتیشی، داوایانکردووە تاوانبارەکە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت، بەڵام دادگە سزایی هەمیشەیی داوە، بۆیە بڕیارەکە تەمیز دەکەنەوە.
دوای رووداوی کوشتنەکە پۆلیسی سلێمانی گوتەی لەو ژنە وەرگرتبوو، ئەویش گوتبووی: "مێردەکەی نەوتی پێدا کردووە و سووتاندوویەتی". باوکی شنیاریش بە رووداوی راگەیاندبوو: "پێموایە لە کاتی رووداوەکەدا هاوژینی شنیار سەرخۆش بووە".
شنیار هونەر دایکی دوو منداڵ بوو، لەکاتی مردنیدا منداڵە گەورەکەی چوار ساڵ و بچووکەکەی دوو ساڵ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ