رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا نەناردووە.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شەوی دووشەممە 03-06-2024 لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی "تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی بۆ بەغدا نەناردووە و هۆکاری نەناردنیشی بەستووەتەوە بە نەناردنی مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە."
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەپێی بەدواداچوونەکانیان، لەم هەفتەیەدا وردبینیی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن بەغداوە تەواو دەکرێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ بکات وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، 'ئومێد هەیە پێش جەژنی قوربان حکومەتی عێراق مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دوو مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرج بکات.'
سەبارەت بە خشتەکانی بودجەی 2024 کە دووشەممە 3ی حوزەیران لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسندکران، د.بڕیار رەشید گوتی "ئەو خشتەیەی پەسند کراوە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و کێشەی مووچە چارەسەر دەکات بەو مەرجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەدا بۆی دەستنیشانکراوە جێبەجێ بکات و بیانوو نەداتە دەست حکومەتی عێراق."
بەپێی ئەو خشتانەی لە پەرلەمان پەسندکران، هەرێمی کوردستان ناتوانێت مووچەخۆری زیاتر بخاتە نێو لیستەکانی مووچە، چونکە لە یاسای بودجەدا پارە بۆ دامەزراندنی نوێ تەرخان نەکراوە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "گرنگیی ئەم خشتانە لەوەدایە کە بیانووی بۆ حکومەتی عێراق نەهێشتەوە تاوەکو مووچەی هەرێمی کوردستان نەنێرێت."
لەبارەی وردەکاریی خشتەکانیش د. بڕیار رەشید گوتی "دەقاودەق ئەوە بوو کە ئەنجوومەنی وەزیران ناردبووی بۆ پەرلەمان و تەنیا یەک بڕگەی دەستکاریکرا ئەویش گواستنەوەی دوو تریلیۆن دینار بوو لە خەرجی بەکاربردنەوە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان، بەڵام ئەو بڕگەیە پارێزگاکانی باشووری عێراق دەگرێتەوە نەک پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
بودجەى عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاتر بووە. لەو بڕە پارەیە 20.9 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە، کە 11 ترلیۆن و 500 ملیار دینارى بۆ مووچەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ