کەسوکاری قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سزا دەدرێن

04-07-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باوکی قوربانییەکی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دادگە بە شەش مانگ بەندکردن و لێدانی 40 قامچی سزا درا.
 
هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی لە قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی سەردانی گڵکۆی قوربانییانی شاری بۆکان، لە دادگەی ئەو شارە بە شەش مانگ و نیو بەندکردن و لێدانی 40 قامچی سزا دراوە.
 
هاشم ساعدی دەڵێت، رێگەی پێنەدراوە بچێتە نێو دانیشتنی دادگە و بەرگری لە خۆی بکات، تەنیا سزاکەی پێ راگەیێندراوە. دەشڵێت، تاوانی ئەو ئەوەیە کە چووەتە گۆڕستان و فاتیحای خوێندووە.
 
هاشم ساعدی شەوی 09-06-2023 لە رێگەی سەقز - دیواندەرە لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە کەسوکاری قوربانییانی سنە دەستبەسەر کرا، دوای ئەوەی سەردانی گڵکۆی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانیان کرد لە شارەکانی سەقز و بۆکان. ئەو لە 20-06-2023 بە کەفالەت ئازاد کرا.
 
رۆژی 26-10-2022 هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایی خەڵک لە گەڕەکی نایسەری سنە هێرشیان کردە سەر خەڵکی گەڕەکەکە و لە ژمارەیەک هاونیشتمانییان دا. یەک لەوانە سارینا ساعدی، مێرمنداڵی تەمەن 16 ساڵان بوو، کە لە ئەنجامی لێدانەکە تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو و رۆژێک دواتر گیانی لەدەستدا.
 
باوکی سارینا ساعدی دەڵێت، کچەکەی و ژمارەیەکی زۆر گەنجی دیکە لەکاتی ناڕەزاییەکاندا کوژراون، بەڵام لە جێگەی سزادانی بکوژی ئەوان، کەسوکاریان سزا دەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە