رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی هەولێر - خەبات و لە رووداوێکی هاتووچۆدا سێ کەس برینداربوون؛ بەهۆی رژانی سووتەمەنیی تانکەرێکیشەوە رێگەکە داخراوە. قایمقامی قەزای خەبات دەڵێت، تیمەکان سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکەن.
رۆژی هەینی، 4ـی ئابی 2023، کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی پێکدادان لە رێگەی هەولێر - خەبات روویدا و چەند کەسێک بریندار بوون.
قایمقامی خەبات ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان تانکەرێکە و وەرگەڕاوە. گوتیشی، "تانکەرە وەرگەڕاوەکە سووتەمەنی تێدا بووە و رژاوە؛ بۆیە رێگەکە بەشێوەیەکی کاتی داخراوە".
کوێستان ئەحمەد گوتیشی، تیمەکانی شارەوانی، بەرگریی شارستانی و هاتووچۆ لە شوێنی رووداوەکەن و سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکەن.
هەر لەبارەی رووداوەکەوە، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کە بەرەو خەبات رۆیشتووە بەهۆی تیژڕۆییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و چووەتە سایدی بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە تەنکەرێکدا کە بەرەو هەولێر رۆیشتووە. گوتیشی، بەهۆی سەختیی پێکدادانەکەوە تانکەرەکە بووە بە دوو پارچەوە و لە رووداوەکەدا سێ کەس برینداربوون کە ئەندامی یەک خێزانن.
بریندارانی رووداوەکە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراون و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری رووداوەکە دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ