رووداو دیجیتاڵ
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت، "هەرێمی کوردستان نزیکە لە ترپەی دڵی شا عەبدوڵڵای دووەمی کوڕی حوسێن و لە ترپەی دڵی گەلی ئوردنیشەوە نزیکە". باسی لە دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کرد و گوتی، "تاوتوێی بابەتی زۆر گرنگمان کرد".
ئەحمەد خەلایلە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن ئەمڕۆ هەینی، 4-8-2023، میوانی بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی لە سەردانەکەی شاندی پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ هەولێر و بەغدا کرد کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات و رایگەیاند، "هاتووین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان".
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن گوتی، سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان سەردانێکی تەواوکارییە و دوای سێ رۆژ مانەوە لە بەغدا، چوونە هەولێر و ماوەی سێ رۆژە لە هەولێرن و دیداری تایبەتیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبووە و چاویان بە بەرپرسانی ژمارەیەک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان کەوتووە.
ئەحمەد خەلایلە گوتی، "بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە سەردانی هەرێمی کوردستانمان کرد؛ ئەو هەرێمەی کە نزیکە لە ترپەی دڵی شا عەبدوڵڵای دووەمی کوڕی حوسێن و لە دڵی گەلی ئوردنیشەوە نزیکە. ئەمڕۆ سێیەم رۆژی سەردانەکەمان بوو. بە ئەمانەتەوە دەیڵێم سەردانی ئەمجارەی شاندی پەرلەمانی کە دەسەڵاتی یاسادانانین زۆر تایبەت بوو؛ تاوتوێی بابەتی زۆر گرنگمان کرد و پرسی بایەخدارمان خستە بەرباس و زۆر پرس هەبوون کە ئێمە لە بەڕێزان بڕیاربەدەستانی هەرێمی کوردستان گوێمان لێبوو؛ بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوون".
رۆژی پێنجشەممە، 3-8-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندەکەی ئوردن کرد و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەیەوە بڵاویکردەوە، "بهرنامهى سهردانى شاندهكه بۆ بهغدا و ههولێر، پهيوهندييهكانى ئوردن لهگهڵ عێراق و بهتايبهتى پهيوهندييه لهمێژينهكانى لهگهڵ ههرێمى كوردستان و برهوادان به هاريكاريى هاوبهشى نێوانيان له بواره جياكاندا تاوتوێ كرا".
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە گوتی، "کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگمان لەگەڵ فەخامەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەبوو؛ چاومان بە بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کەوت و لەگەڵ ژمارەیەک حیزبی سیاسییش کۆبووینەوە. ئەو گوتانەی لە بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان گوێمان لێبوون، زۆر دڵخۆشکەر بوون؛ دەکرێت پلانێکی کاری زۆر تۆکمە و زەمینەیەکی بەهێز دابڕێژرێت، بەتایبەتی بۆ بووژانەوەی هەرێمی کوردستان سوودی زۆری هەبێت".
ئەحمەد خەلایلە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئوردن چاوی لەوەیە لەپاڵ پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکی دۆستانەی زۆر بەهێزە، لە بوارەکانی دیکەی وەک ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان و وزەش پەیوەندییەکانی تۆکمەتر بکات و گوتی، "هەرچەندە کۆمپانیا و وەبەرهێنەری ئوردنی چالاک لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەڵام ئەوە لە ئاست چاوەڕوانییە هاوبەشەکانماندا نییە و مەبەستمانە بیگەیێننە ئاستێکی باشتر".
ئەحمەد خەلایلە گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەییان دەربڕی بۆ هاوکاریکردن و کارئاسانیکردن بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئوردنی تاوەکو لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی زیاتر بکەن.
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتەکەیشی قسەی کرد و گوتی، چەندین پرۆژەی گەورە هەن کە بڕیارە جێبەجێبکرێن، لەوانە پرۆژەی راکێشانی بۆری نەوت لە بەندەری بەسرەوە تا عەقەبە و گرێدانی تۆڕی کارەبای ئوردن بە کارەبای عێراقەوە کە بڕیارە لە نێوەڕاستی مانگی ئابەوە دەستپێبکات؛ هەروەها دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازیی لەسەر هێڵی سنووری نێوان هەردوو وڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ