رووداو - سلێمانی
دوو برا کە بۆ سەیران چووبوونە سەیرانگەی دووکان، لەکاتی مەلەکردندا خنکان.
سیروان لالە سەرحەد، قایمقامی قەزای دووکان بە رووداوی راگەیاند، "کاژێر 10:30ی ئەمشەو ئاگاداریان کردینەوە لە رووداوێکی خنکان لە سەیرانگەیەکی دووکان کە دوو بران، ویستوویانە مەلە بکەن، بەڵام بەداخەوە خنکاون."
قایمقامی قەزای دووکان باسی لەوەش کرد، "دوو براکە تەمەنیان سەروو 20 ساڵە و لەگەڵ خێزانەکەیان هاتوونەتە یەکێک لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی سەیرانگەی دووکان و ئەمشەو یەکێک لە براکان چووەتە ناو ئاوەکەوە مەلە بکات، بەڵام لەکاتی مەلەکردنەکە بەهۆی تەوژمی ئاوەکەوە نقووم بووە و خنکاوە."
سیروان لالە سەرحەد ئەوەشی خستەڕوو، "دوای ئەوەی کە برای یەکەم پەلەقاژەی کردووە و خەریکبووە بخنکێت، براکەی دیکەشی خۆی هەڵداوەتە ئاوەکەوە بۆ رزگارکردنی، بەڵام بەداخەوە ئەویش خنکاوە، ئێستاش تیمەکانی مەلەوانی و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمەکاندا، بەڵام تائێستا [کاژێر 11:30ی شەو] نەدۆزراونەتەوە."
بە گوتەی قایمقامی دووکان، "دوو گەنجەکە خەڵکی کەرکووکن و کوردن، بە مەبەستی سەیرانکردن هاتوونەتە دووکان و سەرجەم تیمە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە بە زوویی بگەڕێن تاوەکو تەرمەکان بدۆزرێنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ