رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ناردنی هاوکاری بۆ خەڵکی سڤیلی غەززە لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد، لەدوای گەمارۆ ئابوورییەکەی سەر غەززە، ناردنی هاوکاری زیادیکرد. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا لە رێگەی سێ دەزگای خێرخوازییەوە، نزیکەی 6.9 ملیۆن دۆلار هاوکاری نێردراوە.
هەرسێ حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان (یەکگرتوو، بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری)، یەکی رێکخراوێکیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەککردنی خەڵکی غەززە کارا کردووە، کە هەریەکەیان بە بڕی جیاواز هاوکاریی مادییان ناردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن.
حاجی کاروان: 6.5 ملیۆن دۆلارمان ناردووە بۆ غەززە
رێکخراوی بەختەوەری کە حاجی کاروان سەرپەرشتیی دەکات، لە ناردنی هاوکاری چالاکترینە و تاوەکو ئێستا، بە گوتەی حاجی کاروان، نزیکەی 6.5 ملیۆن دۆلار پارەیان ناردووە بۆ غەززە.
ئەمڕۆ دووشەممە، حاجی کاروان، سەرۆکی رێکخراوی خێرخوازیی بەختەوەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەرێمی کوردستانەوە نزیکەی 6.5 ملیۆن دۆلارمان بە شێوەی حەواڵە ناردووە بۆ غەززە بۆ کڕینی خواردن و خواردنەوە بۆ خەڵک. ئێمە لێرە بە دۆلار پارەکە دەنێرین و لە غەززە دەکرێتە شیکل و خواردن و خواردنەوەی پێدەکڕن، ئەگەر دەستیان بکەوێت."
ئەو پارەیەی کۆدەکرێتەوە، پارەی خێرخوازانە و کاری رێکخراوەکان گەیاندنیەتی بە غەززە.
رێکخراوی شێخ عەلی عەبدولعەزیز ئەرکی دابینکردنی خۆراکی سێ کامپی گرتووەتە ئەستۆ
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانیش، لە رێگەی رێکخراوی شێخ عەلی عەبدولعەزیزەوە، هاوکاریی دارایی بۆ خەڵکی غەززە کۆدەکاتەوە.
مونیرە عەلی عەبدولعەزیز، سەرۆکی رێکخراوەکە بە رووداوی گوت، "ئەرکی دابینکردنی خواردن و خواردنەوەی سێ کامپمان لە دێر بەلەح و خان یونس گرتووەتە ئەستۆ کە 1500 - 2000 کەس تێیاندا دەژین."
مونیرە عەلی عەبدولعەزیز گوتی، "دانیشتووانی یەکێک لەو کامپانە سەرجەمیان بە رەچەڵەک کوردن."
رێکخراوی شێخ عەلی عەبدولعەزیز، پێنج مانگە دەستی بە کۆکردنەوەی هاوکاری کردووە و سەرۆکەکەی دەڵێت، "ناردنی پارە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ غەززە، لە زۆربەی وڵاتان ئاسانترە."
بە گوتەی مونیرە عەلی عەبدولعەزیز، لە 5 مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 90 هەزار دۆلاریان بۆ غەززە ناردوووە.
دەزگای بەخشین: لە ئۆکتۆبەری 2023وە هاوکاری دەنێرین
دەزگای بەخشینیش یەکێکە لە دەزگا خێرخوازییەکان کە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پاڵپشتیی دەکات. د. محەممەد لەتیف، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەزگای بەخشین بە رووداوی گوت، "لە سەرەتای جەنگەکەوە دەستمان بە ناردنی هاوکاریی کردووە بۆ غەززە."
هاوکات موسعەب حوسێن، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێر و دهۆکی دەزگاکە بە رووداوی گوت، "لە 12ی ئۆکتۆبەر دەستمان کرد بە کۆکردنەوە و ناردنی هاوکاری، پارەکە بۆ رێکخراوێکی ناو غەززە دەنێرین و ئەو خواردن و پێداویستیی بۆ خەڵک پێدەکڕێت."
موسعەب حوسێن دەڵێت، "لە 10 رۆژی رابردوودا 70 پرۆژەمان لە غەززە کردووەتەوە، کە هەریەکەیان 4 بۆ 10 هەزار دۆلار تێچووەکەی بووە."
ئەگەر 10 رۆژی رابردوو بە تێکڕا وەربگیرێت و هەر پرۆژەیەکیش بە نزیکەی 6000 دۆلار حساب بکرێت، واتە ئەو دەزگایە لە 12ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 هەزار دۆلاری حەواڵە کردووە بۆ غەززە.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە بەشێکی هاونیشتمانییان خۆیان راستەوخۆ پارە بۆ غەززە دەنێرن و ئامادە نین هیچ رێکخراوێک بکەنە بریکاری خۆیان. حاجی کاروان دەڵێت، "هەرکەس بیەوێت هاوکاری بنێرێت، ئێمە هاوکاریی دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ